بە دروشمی " نان،کار، ئازادی "، ١ی ئایار پیرۆزکرا

لە شاری سلێمانی، بەبۆنەی ١ی ئایار" جەژنی کرێکاران"، بە بەشداری چالاکوان و کرێکاران، بە ئەنجامدانی چەندین چالاکی و خوێندنەوەی سرود بۆ پاراستنی کرێکاران، ڕێپێوان ئەنجامدرا.

سلێمانی_

پاشنیوەڕۆی دوێنێ، لە شەقامی سەهۆڵەکە، بە ڕێپێوانێکی جەماوەری، بۆ بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، لە لایەن کۆمییتەی ١ی ئایار، ژنانی چالاکوان، کرێکاران و زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی شارەکە، بە دروشمی " نان، کار، ئازادی"، پاشان خوێندنەوەی چەندین بەیان نامە لە لایەن کۆمیتەی ١ی ئایار، ئەنجومەنی سەربەخۆی کارمەندانی کارەبا و ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان، بۆ داواکردنی مافەکانی کرێکار و دەستەبەرکردنی سەلامەتی گیانی کرێکاران، بۆ داواکردنی مافەکانیان و زیادکردنی موچەی کرێکاران و فەرمانبەران، بە چەندین سروود و خوێندنەوەی شعر بۆ کرێکاران، ڕۆژی جەژنی کرێکاران بەرز ڕاگیرا.

 

لە گرتبونەوەکەدا وتاری کۆمیتەی ١ی ئایار لە لایەن عەلی مەولود، خوێندرایەوە، تێیدا دەڵێت: لە کاتێکدا

ڕۆژی ١ـی ئایار بەڕێوەدەچێت، ناکۆکییەکانی سیستەمی سەرمایەداریی و کێبڕکێ و شەڕی بازرگانی و ململانێی دەوڵەتە زلهێزەکان لەسەر دابەشکردنەوەی جیهان، ئاسایش و چارەنووسی کۆی ژیانی سەر ڕووی زەوی خستووەتە مەترسییەوە، دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان وهێزە هەڵپەرستەکانی ناوچەکە، تورکیا و ئێران و سووریای ئەسەد و ئیسرائیل دەست لە هیچ جۆرە تاوانێک ناپاڕێزن، هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بەهەموو نرخێک هەوڵدەدەن وەک ئیمپریالیزمی ناوچەیی ڕۆڵی دژە مرۆڤایەتیی و دژە ئازادیی خۆیان درێژە پێبدەن.

 

زانامحەمەد، ئەنجومەنی سەربەخۆی کارمەندانی کارەبا، وتی: لەلایەن دەسەڵاتی سەرمایەدارییەوە توشی چەندین پێشێلکاریی و بێمافی بووینەتەوە، حکومەتی کاربە ڕێکەرسێ موالیدی خانەنشین کرد، کە کاریگەریی نەرێنی بەجێهێشت و بووە هۆی پاڵەپەستۆی زیاتر لەسەر کرێکاران و حکومەتیش دامەزراندنی ڕاگرتووە، زۆرینەی فەرمانبەران خوازیارن مووچەکانیان لەڕێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە بە نیشتیمانی بکرێت کەچی ئەوان بانکەکانیان قۆرغکردووە و هەژماری منیان بەسەردا سەپێنراوە.

 

سوزان حەسەن، ئەندام لەڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان، دەڵێت: ١ـی ئایار ڕۆژی یەکێتی و هاوپشتی جیهانی چینی کرێکارانە، ڕۆژێکی زۆر گرنگە بۆ کرێکاران، بە تایبەتی بۆ ئێمەی ژنان کە دوچاری جۆرەها ستەم لەلایەن سیستەمی سەرمایەدارییەوە دەبینەوە، ژنانی کوردستان لە بارودۆخێکی هێجگار سەخت و پڕ مەترسیداردا ژیان بەسەر دەبەن، هەروەها دوچاری فشاری دەروونی و مووچەی نایەکسان دەبنەوە بەتایبەتی لە کەرتی تایبەت. لە کۆتاییشدا وتی:پێویستە کرێکاران بەبێ جیاوازیی، یەکگرتوو و دەست لەناودەست بەرامبەر بەسەرمایەداریی و دەسەڵاتی چینی بورژوازی و خاوەن کۆمپانیاکان ڕاوەستن، بۆ بەرگری لە ماف و داخوازیەکانییان.

 

" بەهۆی ئەقڵیەتی پیاوسالاری ژنانی کرێکار هەردەم ڕوبەڕووی دەستدرێژی لە کاتی کارکردندا دەبنەوە"

سۆنیا ئەحمەد شەریف،بەڕێوەبەری مەڕاسیمی ١ی ئایار، باس لەوەدەکات، ڕێپێوانەکە بە ئامادەبوونی چەندین

کرێکار و چالاکوانی مافەکانی کرێکاران، بۆ دژ بە دەسەڵاتی سەرمایەدار و خوڵقاندنی ئەو بارودۆخەی ئێستە هاوڵاتیانی کوردستان و بە تایبەت کرێکارانی پێدا گوزەر دەکەن، ڕێپێوان ئەنجام دەدەن، دەڵێت: ئێمە وەک پشتگیرییەک ساڵانە بۆ کرێکاران ئەم یادەساز دەکەین، بە هۆکاری ئەو بارودۆخەی سەرمایەداران  و سیاسەتمەداران بۆ هاوڵاتیانی شارەکەیان خوڵقاندووە، لە ناویاندا ژنانی کرێکار ڕوبەڕووی ئاستەنگی و دەستدرێژی دەبنەوە، یان لە پێناو بڕەپارەیەکی کەمدا ڕوبەڕووی چەندین کاری قورس و هەراسانکردن دەکرێنەوە،یان لە کاتی کارکردن هەراسان و دەستدرێژی سێکسیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، بەڵام بە هۆکاری نەبوونی کار و دابینکردنی بژێوی ژیانیان هاوڵاتیان و کرێکاران ئەو ستەم و زۆرداریە قبوڵ دەکرێت.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: لەئەنجامی نەبوونی کار و ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالارییەی لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگزەرێت، بۆتە هۆکاری قبوڵکردنی دەستدرێژی و زوڵم و ستەم بۆسەرکرێکارانی ژن لە کاتی کارکردندا، کاتێک لە پێناو کارێکدا بڕە پارەیەک وەردەگریت لە هەر پۆستێکدابێت بێی دەوترێت کرێکار، بۆیە هەریەک لە فەرمانبەران و کاسبکاران وەک کرێکار مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، پێویستە بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک و دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران هەوڵ بدەین. 

 

" نان بە خراپی؛ بارودۆخی ئابووری ناچار بە کارکردنێکی پڕ لە توندوتیژی دەکرێن"

ڕوناک محەمەد، ئەندامی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان، دەڵێت: ژنانی کرێکار لە کاتی کارکردندا ڕوبەرووی ئاستەنگی دەکرێنەوە، ڕۆژانە ژنانی دەستگێڕ کاتێک لەسەر شەقامەکان کاردەکەن، دەبینین چۆن

ئاستەنگیان لە لایەن کۆمەڵگە و لایەنی پەیوەندیدارەوە بۆ دروست دەبێت، لە ڕێگەی ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی کارکردن و کەمی موچە و چەندین هۆکاریتر ڕوبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە،ئێمە بەردەوام لە هەوڵی ڕێگریکردن لە ئاستەنگییەکانی بەردەم کارکردنی ژناندا دەبین.

ڕوناک محەمەد ئەندامی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ژنان بە نەبوونی کارە و پێنەدانی موچەکانیان ناچار بەکارکردنێکی پڕ لە ئاستەنگی دەکرێن، بەڵام پێویستە ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و پاراستنیان لەسەر کارەکانیان دژ بە ستەمی خاوەنکارەکانیان بۆستنەوە.