هەدیە حسێن: دوای کۆمەڵکوژی شەنگال ژنان لە هەموو بوارەکان خۆیان پێشخست

دوای کۆمەڵکوژکردنی ئێزیدییەکان لە شەنگال ژنان لە ڕێگای خوێندن و بە نێودەوڵەتی کردنی کەیسەکانیان پارێزگاری لە خۆیان دەکەن.

ئەڤین جبرائیل

 

کۆیە- هەدیە حسێن ژنێکی گەنجی ئێزیدییە، دانیشتووی شنگال بوو و بەڵام لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ شەنگال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ کۆچیان کرد، لە دوای ڕزگاربوونی شەنگالیش لە شارەدێی باعەدرێ سەر بە پارێزگای نەینەوا نیشتەجێیە.

 

ئێستا هەدیە سەرپەرشتی ڕێکخراوێک دەکات بەناوی "ڕابە بۆ گەشە پێدان و ئاوەدان کردنەوەی تواناکان"، کە ئامانجیان خستنەڕووی توانای گەنجان و ژنانە، هەروەها لە شارەدێیەکەش مامۆستایە، هەدیە چیرۆکی کاتی هێرشی چەتەکانی داعش دەکات بۆ سەر شەنگال، کە سەدان کەس کوژران و هەزاران ژنیش ڕفێندران، هەندێک لەو ژنانە ڕزگار کران، دوای ڕزگار کردنی شەنگال و بەشێک لە ژنانیش، ڕزگاربووەکان کاریان کرد تا لە ڕێگەی خۆپەروەردەکردن و خوێندن و بە نێودەوڵەتی کردنی کەیسەکانیان پارێزگاری لە خۆیان دەکەن.

 

هەدیە باسی لەوەکرد، بە تایبەت ئەو ژنانەی ڕزگاریان ببوو لە سەروبەندی کۆمەڵکوژییەکەدا، یان کۆچیان کردبوو بۆ ئەوروپا یەکەم کاریان ئەوەبوو کەیسی ئێزیدیەکان بە نێودەوڵەتی بکەن، بۆ ئەوەی هەمووان ئاگاداری ئەو کارەساتە بن و بەهانایانەوە بچن، ڕێگری بکەن لەوەی کە کارەساتی لەم جۆرە ڕوو بداتەوە.

 

"دوای کۆمەڵکوژی ژنانی ئێزیدی لە هەموو بوارەکاندا چالاک بوون"

هەدیە حسێن کە خۆی ڕزگاربوویەکی کۆمەڵکوژییەکە و لە ئێستادا مامۆستایە، باسی لە دۆخی ژنانی ئێزیدی کرد کە دوای کۆمەڵکوژییەکە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خۆیان ڕێکخستووە و بەشدارییان هەیە، وەک هێزی سەربازی، پەروەردە، وانە وتنەوە، پزیشکی، پەیوەندی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکاندا، وتیشی: بەشێکیش لە ژنەکان کە هاوژینەکانیان کۆمەڵکوژ کران و شەهید ببوون، هەر زوو هەستانەوە سەر پێی خۆیان و بە کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری سەرقاڵن، چونکە ئاووهەوای شەنگال لەبارە بۆ ئەم جۆرە کارانە.

 

"هاوکارییەکانی شەنگال وەستاوە"

لە کۆتاییدا هەدیە حسێن ئاماژەی بە دۆخی هەندێک لەو ژنانەدا کە کاریگەری کۆمەڵکوژی شەنگالیان لەسەر بەجێماوە و تا ئێستا نەخۆشن بەتایبەت ڕزگار بووەکان، چونکە ئەو پاڵپشتی و هاوکاریەی لە سەرەتاوە بۆ شەنگال هەبوو، ئێستا نییە و پشتگوێ خراون لەلایەن دەوڵەت و ڕێکخراو و لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکانەوە، وتیشی: ڕاستە ئەوان بوونە قوربانی، بەڵام بوونە هێز و سیمبولی ئێزیدیەکان و پارێزگاری کردن لە ئاین و باوەڕی و خاکەکەیان، کاتێک داعش هات هەموومان پەرش و بڵاوبووین، هەر یەکە بەلایەکدا ڕۆشتین، ئێمە خۆمان ئاینێکی کەمینەین و لە ڕووی ژمارەشەوە کەمین، بۆیە پەیامم ئەوەیە هەموو ئێزیدیەکان یەکبگرن و لە هەر کوێیەک بن با پاڵپشتی یەکتری بکەین، ئەوکاتە ئاسانتر دەتوانین پارێزگاری لە خۆمان بکەین، لە کاتی داواکردنی هاوکاری یاخود گەیاندنی پەیام یان هەر شتێکی تر، پێویستە هەموو هاوڕابین لەسەری نەوەک هەر گروپە و بە ئارەزووی خۆی داواکاریەکی هەبێت، دەبێت داواکانمان لە بەرژەوەندی گشتی بێت، بۆئەوەی لایەنەکان باشتر هاوکارمان بن، ئەوکات بۆ ئەوانیش ئاسان دەبێت و دەزانن چیمان دەوێت.