شەنگال، ئێزیدییەکان لە قوبەی خاتونە فەرخان ئاهەنگ دەگێڕن

ژنانی شەنگال بە جۆش و خرۆشەوە و بە بەشداری هەزاران کەسی شەنگال و ناوچەکانی دیکە جەژنی هەینیی خاتونە فەرخانیان پیرۆز کرد.

هێڤی ئێزدا

 

شەنگال-هەزاران ئێزیدی ڕۆژی هەینی ٢٢ی ئەیلوول، لە قوبەی خاتونە فەرخان لە شەنگال کۆبوونەوە بۆ ئاهەنگ گێڕان.

 

لە یەکەم ڕۆژدا چادریان داناو ئاهەنگێکی گەورەیان سازکرد و خواردنی بەناوبانگ ئامادەکرا، لە ڕۆژی دووەمدا پەردەکانی قوبەکە کە لە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ دروستکراون نوێ دەکرێنەوە، مۆم دادەگیرسێندرێن و ئاوات دەخوازرێت.

 

پەردەکانی قوبەی خاتونە فەرخان لەکاتی جینۆسایدی ئێزیدییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە نوێ نەکراونەتەوە، بەڵام ئەمساڵ گەل و بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" ئەو ڕێگایانەیان ڕێکخست کە بەرەو قوبەکە دەڕۆن و کارێکی زۆریان کرد بۆ نوێکردنەوەی.

 

خالیدە جیا، کە لە هەرێمی کوردستانەوە ڕۆیشتووە بۆ قوبەی خاتونە فەرخان، ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە یەکەم جارە لە ماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا بچێتە جەژن و وتی: دوای جینۆسایدەکە، ئەمە یەکەم جارە بێینە ئێرە و ئاهەنگ بگێڕین. جێگای دڵخۆشییە بۆ ئێمە، پیرۆزبایی لە هەمووان دەکەین بۆ ئەم جەژنە، زۆر خۆشحاڵم بە ئاهەنگ گێڕان لە جەژنەکانماندا.

 

شیرین شەنگالی، کە لە خانەسورەوە سەردانی کردووە وتی: جەژنی خاتونە فەرخان بۆنەیەکی خۆشە بۆ ئێمە، خاتونە فەرخان خواوەندی زۆرێک لە ئێزدییەکانە، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لێرە دەمێنینەوە، هەموو کەسێک دێت و پەردەکان هەڵدەواسێت و نوێژ دەکات و دڵخۆش دەبێت.

 

"ژنێکی بەهێز بوو شانازی پێوە دەکەین"

عەمشە شەنگالی، یەکێک لەو ژنانەی کە لە خانەسورەوە بۆ قوبەکە ڕۆیشتووە، پیرۆزبایی لە هەموو ئێزیدییەکان کرد بەبۆنەی جەژنەوە و وتی: هیوادارم ئەمە ئاهەنگی خۆشی و شادی بێت، پیرۆزبایی لە گەلی ئێزیدی دەکەین خاتونە فەرخان ژنێکی زۆر جوان و بەڕێز بوو، ئەو ژنە ئێزیدییە ڕزگاربووەکە بوو، کاتێک ژنێک لە تەنگانەدایە، بانگی خاتونە فەرخان دەکات بۆ ڕزگارکردنی، ئەو ژنێکی بەهێز بوو، شانازی پێوە دەکەین.

 

عەمشە شەنگالی سوپاسی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی کرد بۆ ئەو کارەی کە بۆ قوبەی خاتونە فەرخان ئەنجامی دا، وتی: ٩ ساڵ تێپەڕی و ئەمڕۆ هەمووان لێرە کۆدەبنەوە و ئاهەنگ دەگێڕن، هیوادارین خێزانه ئێزیدییەکان له کامپەکان بگەڕێنەوە بۆ خاکی پیرۆزی خۆیان، زۆربەی خەڵکی خانەسور هاتوونەتە ئێرە بۆ ئەوەی چادرەکانیان پێشکەش بکەن و کاری خێرخوازی و خزمەتگوزاری بکەن، ئەو ڕێگایەی کە لە لایەن تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدییەوە دروستکراوە، زۆر ئاسودەمان دەکات.