ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەخۆشخانەی غەززەوە ڕاگەیاند

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرایکرد، لەدوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر باکووری غەززە پەیوەندییان لەگەڵ کارمەندانی تەندروستی پچڕاوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٢٥ی تشرینی یەکەم ئیسرائیل هێرشیكردە سەر نەخۆشخانەی كەمال عەدوان لە غەززە و دواتر نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پاراستنی كارمەندانی نەخۆشخانەكەی كرد.

 

تێدرۆس ئەدهانۆم،  بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کارمەندانی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند، لە سەرلەبەیانی ٢٥ی تشرینی یەکەمەوە پەیوەندییان لەگەڵ کارمەندانی نەخۆشخانەکە بچڕاوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ڕاپۆرتەکان چوار کارمەندی ئەو نەخۆشخانەیە بریندار بوون و ٤٤ کارمەندی دیکەش دەستگیرکراون و چوار ئەمبوڵانس زیانیان پێگەیشتووە.

 

وتیشی: دەمانەوێت نەخۆشخانە و کارمەندانی تەندروستی و نەخۆشەکان بپارێزین، پێویستمان بە ئاگربەستە.