لە ٥ ساڵی ڕابردوودا ٧ ژنە ڕۆژنامەنووس لە ئەفغانستان کوژراون

هاوپەیمانی ژنان لە بواری ڕۆژنامەگەریدا لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٣٣ هەڕەشە و ٧ حاڵەتی کوشتن لە دژی ژنە ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان تۆمار کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

هاوپەیمانی ژنان لە بواری ڕۆژنامەگەریدا لە ڕاپۆرتێکدا ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو هەڕەشە چاوەڕواننەکراوانەی لە ئەفغانستان لەژێر دەسەڵاتی تالیباندا دەکرێتە سەر ڕۆژنامەنووسانی ژن و ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٣٣ هەڕەشە و ٧ حاڵەتی کوشتن تۆمارکراوە.

 

هاوپەیمانی ژنانی ڕۆژنامەگەری لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ژنە ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان ناچارن لەژێر هەڕەشە و گوشار و سانسۆر و یاسای ستەمکارانە و توندوتیژی و سووکایەتیکردندا بژین و کار بکەن و لە ڕاپۆرتەکەدا ئەمانەی خوارەوە ڕایانگەیاندووە: "رۆژنامەنوسان و دۆخی گشتی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ئەفغانستان لەژێر دەسەڵاتی تالیباندا ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشە و گرفت دەبنەوە".

 

هاوپەیمانی ژنان لە بواری ڕۆژنامەگەریدا، لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١دا هاتە سەر دەسەڵات لە ئەفغانستان، لانیکەم ٨٠٠ ژنە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ئەفغانی بۆ شوێنێکی ئارام گواسترانەوە، هەروەها ڕایگەیاند، تاڵیبان کارکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووسانی لە ئەفغانستان قەدەغە کردووە و ڕایگەیاند کە ئەوان ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەن و ناچاریان کردووە بێدەنگ بن و هەڕەشەی کوشتنیان لێ دەکەن و ڕێگرییان لە بەشداری ژنان لە ژیانی گشتیدا کردووە.

 

هاوپەیمانی ڕۆژنامەنووسانی ژن هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە کارەکانیان لەسەر بەڵگەنامەکردن و ئاشکراکردنی هەڕەشەکان لەسەر ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ئەفغانستان و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سەلامەتی ژنە ڕۆژنامەنووسان مسۆگەر بکەن و ئازادی ڕۆژنامەگەری بپارێزن.