فێستیڤاڵێکی هاوینە بۆ منداڵانی هەڵەبجە ساز کرا
لەگەڵ کۆتایی هاتنی وەرزی خوێندن و بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش بۆ منداڵان، بە دروشمی "هەموو ڕۆژێکمان بۆ جگەرگۆشەکانمانە" فێستیڤاڵی ئۆپەرێتی گۆرانی و هەڵەپەرکێ لە هەڵەبجە ساز کرا.
هەڵەبجە
پاشنیوەڕۆی دوێنێ لە شاری هەڵەبجە بە دروشمی "هەموو ڕۆژێکمان بۆ جگەرگۆشەکانمانە" فێستیڤاڵی ئۆپەرێتی گۆرانی و هەڵەپەرکێ بۆ منداڵانی هەڵەبجە ساز کرا.
فێستیڤاڵەکە لەلایەن بەشی منداڵانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری شاری هەڵەبجە ڕێکخرا، لەنجە حەمەئەمین، بەرپرسی بەشی منداڵان لە بەڕێوەبەرایەتییەکە وتی: بەشی منداڵان وەک نەریتێکی ساڵانە هەموو ساڵێک لە دوای کۆتایی هاتنی وەرزی خوێندن ئاهەنگێک بۆ منداڵان ساز دەکات، تا بتوانن کاتێکی خۆش بەسەر ببەن و سوودیان پێبگەیەنن.
لە کۆتایدا لەنجە حەمەئەمین وتی: ئەگەر دەرفەتەکان زیاتر بگونجێت، کار و چالاکییەکانمان چڕتر دەکەینەوە و خزمەتی زیاتر بە منداڵانی شارەکە دەکەین.
فێستیڤاڵی منداڵان بە یاری و گۆرانی و دڵخۆشی منداڵان کۆتایی پێهات.