خۆبەڕێوەبەری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای خستە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان

خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دۆسیەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر ناوچەکە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نارد.

ناوەندی هەواڵ

 

خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دۆسیەیەکی ئامادەکردووە سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئەو ڕووداوانەی لە نێوان ٤ بۆ ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە، بەگوێرەی دۆسیەکە، تورکیا ٣٠٤ هێرشی ئاسمانی و زەمینی لە ٢٢٤ ناوچەی جیاوازدا ئەنجامداوە، لەنێویاندا ٢٢١ هێرشی تۆپ و چەکی قورس کە ٨٣یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگییان بەکارهێناوە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، دامەزراوەکانی گاز و نەوت و کێڵگەکان و وێستگەکانی کارەبا و وێستگەکانی ئاو و ناوەندە تەندروستییەکان و کامپەکانی واشوکانی و ڕۆژ کە پەنابەران تێیدا دەژین و دەیان گوندیان کردووەتە ئامانج، ٤٧ کەس گیانیان لەدەستداوەو ٥٥ کەسیش برینداربوون.

 

"٥٦ ملیۆن دۆلار زیان هەیە"

بە زانیارییەکانی ناو دۆسیەکە لەلایەن وێنەکانەوە پشتگیری کراون ئەوەخراوەتەڕوو ٥٦ ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە لە هێرشەکانی سەر ژێرخانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەو دۆسیەیەی کە لەلایەن دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری ئامادەکراوە نێردراوە بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەو ناونیشانانەی دەۆسیەکەیان بۆ نێردراوە بریتین لە ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ" و ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ "هیومان ڕایتس ۆوچ".