"جیهان تیشکی خستووەتە سەر غەززە، بەڵام لە هەموو جیهاندا خەڵکی بێتاوان زیانیان بەردەکەوێت"

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا ١١٤ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا ئاوارەن، تەنیا لە ماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا چوار ملیۆن کەس ئاوارە بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی کاروباری پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان "UNHCR" بڵاویکردەوە، لەئیستادا ۱۱٤ ملیۆن ئاوارە لە هەموو جیهاندا هەن ،تاوەکو ٦ مانگی سەرەتای ۲۰۲۳ شەڕی ئۆکراینا، گرژییەکانی سوودان، کۆنگۆ و میانمار، وشکەساڵی، لافاو و نەبوونی ئاسایش لە سۆماڵ و قەیرانە مرۆییەکانی ئەفغانستان، باوترین هۆکارەکانی ئاوارەبوون بوون.

 

لە ڕاپۆرتەکە هاتووە، ئەو وڵاتانەی هەژار و مامناوەندن، ڕێژەی ٧٥٪ لەو ژمارەیە پێکدەهێنن، هەروەها تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٢ لانیکەم ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار کەس داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە، تائێستا ئەو ژمارە زۆرە لە هیچ ساڵێک تۆمار نەکراوە، لە بەرامبەردا تەنیا ٤۰٤ هەزار کەس لە ساڵی ۲۰۲۲ گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان.

 

بێتوانایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاوارەبوون زیاد دەکات

فیلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران وتی، ئێستا هەموو جیهان تیشکی خستووەتە سەر کارەساتە مرۆییەکەی غەززە، بەڵام لە هەموو جیهاندا گرژی و ئاڵۆزییەکان لە پەرەسەندندان و خەڵکی بێتاوان زیانیان بەردەکەوێت، بێتوانایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی ململانێکان یان ڕێگری لە کێشە نوێیەکان، ئاوارەبوون و نەهامەتی دەباتە پێشەوە، پێویستە سەرنجیانی بخەینە سەر، پێکەوە کاربکەین بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان بۆ ئەوەی پەنابەران و ئاوارەکانی دیکە بگەڕێنەوە ماڵ و حاڵی خۆیان و ژیانیان دەستپێبکەنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەیری غەززە و کێشەکانی سوودان دەکەن، هەست دەکەن کە ئاشتی و سەقامگیریی لێمان دوورن، وتیشی: نابێت خۆمان بەدەستەوە بدەین، پێویستە لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانمان کاربکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پەنابەران و خەڵکی ئاوارە.