لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هاتە دەنگ

ڕێكخراوی مافی مرۆڤ-هیومان ڕایتس وۆچ داوا لە دەوڵەتی داگیركەری تورك دەكات دەستبەجێ دەست لە بەئامانجگرتنی ژێرخانە مرۆییەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵبگرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێكخراوی مافی مرۆڤ- هیومان ڕایتس وۆچ  لەبارەی هێرش و بۆردوومانەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەدا، هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیانی بە ژێرخانی ژیانی گەیاندووە، بووەتە هۆی پچڕانی كارەبا و ئاو لە ملیۆنان كەس، دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە ئێستاوە ڕووبەڕووی قەیرانێكی سەختی كەم ئاوی بوونەتەوە، كە ئەمەش كێشەكانی هاوڵاتییان زیاتر دەكات.

 

ئەو ڕێكخراوە داوای لە دەوڵەتی داگیركەری تورك كردووە، دەستبەجێ دەست لە بە ئامانجگرتنی ژێرخانە گرنگ و مرۆییەكانی هەڵبگرێت، خەڵكی شاری حەسەكە و ناوچەكانی دەوروبەری، كە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە ئێستاوە ڕووبەڕووی قەیرانێكی سەختی كەم ئاوی بوونەتەوە، ئێستاش بەهۆی زیادبوونی بۆردوومان و وێرانكارییان دەوڵەتی تورك لەو ناوچانە قەیرانەكەی زیاتر بووە.

 

ڕێكخراوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، هێرشەكانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورك یەكەم هێرش نین، چونكە هێرشە ئاسمانییەكانی دەوڵەتی تورك لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢وە بە ئەنقەست ژێرخانی مەدەنی دەكاتە ئامانج، زیانی بە ناوچەكە و دانیشتووانەكەی گەیاندووە.

 

ڕێكخراوەكە داوای لە دەوڵەتی تورك كردووە، بەپێی یاساكانی جەنگ هێرش نەكاتە سەر ئەو خزمەتگوزارییانەی، كە پێویستن بۆ مانەوەی دانیشتووانی مەدەنی، لە وانەش وێستگەكانی ئاو و پاكوخاوێنی، كارەبا و چەند شوێنێكی دیكە.