ناڕەزایەتییەکان؛ ٤ خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم ١٠٠ کەسیش برینداربوون
لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژران و بریندار بوون.
ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوەچوو. بەپێی ئەو ڕاپۆرت و وێنە نێردراوانە، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان و سوپای پاسدارانەوە، لانیکەم ٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش برینداربوون.
ئامارە بڵاوکراوەکانی کوژراو و بریندارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریتین لە:
دێهگۆلان ١ کوژراو و زیاتر لە ١٠ بریندار
سەقز ٢ کوژراو و زیاتر لە ٣٠ بریندار
دیواندرە ٢ کوژراو و ٤٠ بریندار
مهاباد زیاتر لە ١٠ بریندار، تیایدا ژنێکی ٦٠ ساڵان بە سەختی بریندار بوو
بوکان ٧ بریندار
کامیاران ١٠ بریندار
قروە ٢٠ بریندار
بیجار ١١ بریندار
بانە ٨ بریندار
تەکاب ١١ بریندار، هەروەها لە بۆکان کچێکی تەمەن ١٠ ساڵ بە هۆی بەرکەوتنی فیشەک لە سەریدا گیانی لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە شارەکانی سەقز، دیواندرە، سنە، بیجار و کامیاران ناڕەزایەتی و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان گەیشتووەتە لوتکە و خۆپیشاندەران دروشمی "کوردستان گۆڕستانی فاشیزمە، مەرگ بۆ دیکتاتۆر، ژن ژیان ئازادی"یان وتووە، هەروەها هێرشکراوەتە سەر پاریزگای شارەکان و بە هێنانە خوارەوەی تابلۆ و سووتاندنی لافیتە و وێنەی خامنەیی، توڕەیی و بێزاری خۆیان دژی ڕژێمی فاشیستی ئێران خستووەتەڕوو.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە دەیان خۆپیشاندەر لە شارەکانی سنە، مەریوان، پاوە، بانە و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.