کوشتنی ژنان لە تورکیا لە هەڵکشاندایە

ژنان لە تورکیا تا ئێستاش تووشی توندوتیژی دەبنەوە کە دەگاتە کوشتن، لە ١٠ ڕۆژی یەکەمی مانگی ئابدا زیاتر لە ١٠ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژران.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەڵکشاندایە، لە وڵاتی تورکیا لە ١٠ ڕۆژی سەرەتای مانگی ئابدا، زیاتر لە ١٠ ژن کوژراون.

 

ڕۆژانی سەرەتای مانگی ئابدا، حەنیفە چاکچی بە دەستی حەیدەر چاکچی هاوژینی گیانی لەدەستدا، لەو کاتەدا کە حەنیفە چاکچی ماڵەکەی بەجێدەهێڵێت و دەچێتە وێستگەی پاس بۆ ئەوەی لەو توندوتیژییەی کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا تووشی بووە، ڕزگاری بێت، هاوژینەکەی دوای دەکەوێت و لە وێستگەکەدا تەقەی لێدەکات و دەیکوژێت.

 

ئەو تیمە پزیشکییەی کە چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە تەرمی حەنیفە چاکچییان گواستەوە بۆ پەیمانگای پزیشکی دادوەری ئیزمیر، دوای ئەوەی داواکاری گشتی و پۆلیس لێکۆڵینەوەیان لە شوێنی ڕووداوەکە ئەنجامدا، حەیدەر چاکچی دەستگیرکرا.

 

دوێنێ شەممە، ١٣ی ئاب، ژنێکی تەمەن ٦٣ ساڵ بەناوی میهریبان ئەردوچ لە کافێیەک لە گەڕەکی عوسماناجا، کە یەکێکە لە قەرەباڵغترین شوێنەکانی کادیکۆی لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری پیاوێک بەناوی هاکان ئاسیلکان کوژرا و تۆمەتبارەکەش لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵهات.

لە ناوچەی مەندەریسی سەر بە قەزای غازیمیر لە شاری ئیزمیر، پیاوێک بە ناوی "س. ا. ج." بە بیانووی ئەوەی کە ژاوەژاو دەکەن، توندوتیژی بەرامبەر بە دوو منداڵەکەی بەکارهێناوە، کاتێک لەلایەن خەزوورەکەیەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە، کە ناوی ڕەمزی ڤاتانجیفەرە، "س. ا. ج." خەزووری بریندار دەکات لەگەڵ هاوژینەکەی و کوڕەکەی، ئەو تیمە پزیشکیانەی کە چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە هاوژینەکەی و کوڕەکەی گیانیان لەدەستداوە و تاوانبارەکە لە شوێنی ڕووداوەکە دەستگیرکراوە.