خەڵاتی وەدات حسێن بەخشرایە پەیامنێری ئاژانسی نوژنها و ١٦ ڕۆژنامەنووسی باکووری کوردستان

شەشەمین خەڵاتی شەهیدی قەڵەم، وەدات حسێن بەخشرایە پەیامنێری ئاژانسی نوژنها لە شەنگال و ١٦ ڕۆژنامەنووسی باکووری کوردستان کە لە مانگی حوزەیراندا دەستگیرکران و تا ئێستا لە زینداندان.

سلێمانی

 

١٣ی ئاب، شەش ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس لە ئاژانسی ڕۆژنیوز، وەدات حسێن لە شاری دهۆک تێپەڕ دەبێت، ئەمڕۆ لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی ئاژانسی ڕۆژنیوز مەراسیمی شەشەمین ساڵیادی شەهیدی قەڵەم، وەدات حسێنی کردەوە.

 

لە مەراسیمەکەدا ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان، ئازادیخوازان و چەندین کەسایەتی بەشداربوون، وتاری ئاژانسی ڕۆژنیوز لەلایەن سەمیرە سەعید، ڕۆژنامەنووس خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەدا لە ساڵیادی تیرۆری دەنگە ئازا و ئازادەکەی بادیناندا، سەری ڕێز بۆ گیانی سەرجەم شەهیدانی قەڵەم و ڕێگای ئازادیی نەویی دەکەین، ڕایدەگەیەنین لە دوای دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان، شەپۆلی تیرۆری دەنگە ئازادەکان لەسەر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەناو بادینانەوە سەری هەڵدا.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، "ئێستا کە یادی شەهید وەدات دەکەینەوە، دلۆڤانی کوڕی سادق سندی و قارەمانی کوڕی شوکری زەینەدین و بەدەیان هاوڕێ و خاوەن فکری ئازادی وەک وەدات حسێن لەناو زیندانەکانی پەدەکەدان، ئەمەش پێمان دەڵێت؛ ئەو حزبە بە هەمان عەقڵیەتی ٣٠ ساڵ بەر لە ئێستا سیاسەت دەکات و هەرگیز هەنگاوێک لە ئازادیی و دیموکراسیی نزیک نابێتەوە.

 

ئەوان لە هەموو ئینسانێکی فکر ئازاد و هەموو دەنگێکی بەرز و هەموو وشە ڕەخنە ئامێزەکان دەترسن، بۆیە لەناو زیندانیشدا دووبارە سزای ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان دەدەن و  تەواوی هێزی خۆیان بەکاردەهێنن، بۆ بێدەنگکردنیان، بەڵام بێئاگان لەوەی، ئەوان دەنگی سۆران و سەردەشت و کاوە و وەدات و شوکری زەینەدینن و هەرگیز کپ ناکرێن"

 

هەروەها جەختیان کردەوە کە "ئێمە لەم مەراسیمەدا جارێکی دیکە جەختدەکەینەوە، وەدات ئاسا نە هەڕەشە و تیرۆر و نە پێدانی پارە و ئیمتیازات، ڕێگای ڕاستییمان ناگۆڕێت، بەڵکو زیاتر هانمان دەدات بۆ هەڵدانەوەی پەردە لەسەر گەندەڵیی و نادادیی و خیانەتی ستەمکاران، ئێمە و ئازادییخوازان لە خوێنی شەهیدانی قەڵەم و ڕێگای ئازادیی خۆش نابین و لە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەداین، کە بکوژان بە سزای گەل بگەن".

 

خەڵاتی دووەمی وەدات حسێن دەدرێتە پەیامنێری نوژنها لە شەنگال

لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەریی ئاژانسی ڕۆژنیوز و لیژنەی ئامادەکاری مەراسیمی شەهید وەدات حسێن، شەشەمین خەڵاتی وەدات حسێن بەخشرایە، ئەو ١٦ ڕۆژنامەنووسەی کە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان دەستگیرکران و تائێستاش لە زینداندان، هەروەها خەڵاتی دووەم بەخشرایە نەسرین حەسەن، پەیامنێری ئاژانسی نوژنها لە شەنگال، کە ساڵی ڕابردوو لەکاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشداندانێک لە سنونێ بە فیشەک برینداربوو.

 

نەسرین حەسەن، لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٣یە لە گوندی تل عزێری شەنگال، ساڵی ٢٠١٣ لەکاتی فەرمانی سەر ئێزدییەکاندا تەمەنی تەنها ١١ بەهار دەبێت، لەگەڵ خانەوادەکەی دەچنە ڕۆژئاوای کوردستان و پاشتر دەگەڕێنەوە بۆ باشووری کوردستان، دوای ڕزگارکردنی شەنگال لە چەتەکانی داعش، دەگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان،

 

لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ئەمساڵ لە شارەدێی سنونێ دژی شەهیدکردنی مەروان بەدەل، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی شەنگالدا، نەسرین بە فیشەکی هێزەکانی عێراق برینداردەبێت و گوللـەیەک بە قاچی دەکەوێت، بەهۆی سەختیی برینەکەشییەوە تائێستا نەتواندراوە فیشەکەکە لە قاچی دەربهێندرێت، بەڵام ئەوە ڕاینەگرتەوە و بەردەوامە لە کاری ڕاگەیاندن و گواستنەوەی ڕاستییەکان.

 

خەڵاتی وەدات حسێن خەڵاتێکی ساڵانەیە و ئاژانسی ڕۆژنیوز دابینی دەکات، ساڵانە دەدرێت بەو ڕۆژنامەنووسانەی کە جێدەستیان دیارە و لە کاروانی ڕۆژنامەنووسیی و کارکردن لەسەر پرسە گشتییەکانی کۆمەڵگە و هەوڵدان بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەی کوردستان، لە یەکەم ساڵیادی شەهیدبوونی وەدات حسێنەو تائێستا ڕۆژنیوز ئەم خەڵاتە دەبەخشێت.