"بێئاگایی و بێ هەڵوێستی بەرپرسانی هەرێم لە کۆتایدا سەری هەرێمەکە دەخوات"
فرۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا نیوەڕۆی دوێنێ بۆردومانی ناوچەیەکی گەشتیاری لە گوندی پەرەخ لە زاخۆ کرد و بەهۆیە نزیکەی ٣٢ کەس کوژران و برینداربوون، ژنانیش دەڵێت، هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێم و بێ هەڵوێستی بەرپرسان سەری هەرێم دەخوات.
ناوەندی هەواڵ
نیوەڕۆی دوێنێ، ٢٠ی تەمموز، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆردومانی ناوچەی گەشتیاری گوندی پەرەخی شارەدێی دەرکاری سەر بە زاخۆی کرد و بەپێی دواین ئامارەکان ٩ کەس کوژراون و ٢٣ی دیکە بە سەختی بریندار بوون کە ژن و منداڵیان تێدایە.
هێرشەکەی دەوڵەتی تورکیا ناڕەزایەتی بەرفراوانی لەناو هاوڵاتیان لێکەوتەوە، لە عێراقدا خۆپیشاندان دەستیپێکرد و خۆپیشاندەر چوونە سەر کونسوڵخانەی تورکیا و ئاڵای دەوڵەتی تورکیایان داگرت و لە چەندین شوێنی دیکەش گردبوونەوە ئەنجامدرا، هێزە سیاسیە عێراقییەکان ئاماژەیان بە داگیرکاری دەوڵەتی تورکیادا نا و ڕایانگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق هەڵوێستی جدی بەرامبەر تورکیا بەکاربهێنێت و کارتە فشارەکانی بۆ وەستاندنی هێرشەکان بخاتەگەڕ.
ژنانی چالاک لەو بارەیەوە ناڕەزایەتییان نیشاندا
بێریڤان محەمەد، چالاکوان و ڕۆژنامەنووس، لەبارەی هێرشەکەی زاخۆوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵکوژیەکە تەنها دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی نەداوە، بەڵکو دەوڵەتی تورک و حکومەتی هەرێم پێکەوە ئەنجامیانداوە، دەوڵەتی تورک بە هێرشی ئاسمانی و حکومەتی هەرێم بە هەواڵگری لەسەر زەمین و بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری.
لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت: "ئامانجی سەرەکیشیان لەم هێرش و کۆمەڵکوژیە ئەوەیە، ئەو لایەنانەی تا ئەم قۆناغە لە عێراق نەکەوتوونەتە داوی پیلانی فاشیستی تورک لە دژی پەکەکە، بەو چەواشەکاریەی گوایە پەکەکە ئەم تاوانەی ئەنجامداوە، بەتایبەت هاوڵاتیانی عەرەبی قەتڵوعام کردووە، ئەو لایەنانە ڕاکێشنە ناو پیلانەکەوە، هەر وەک ڤیان دەخیل لە پەرلەمان وتی هەموویان پێکەوە شەڕی پەکەکە بکەن. هەڵبەت پێدەچێت ئەمە بەشێک لە ڕێککەوتنەکەی تارانیش بێت لە نێوان ڕوسیا و تورکیا و ئێران لەسەر ناوچەکە".
بێریڤان محەمەد دەشڵێت: پیلانی کۆمەڵکوژی بەداخەوە سەرکەوت و کۆمەڵێک مرۆڤی بێتاوان بوونە قوربانی، بەڵام پیلانی چەواشەکارییەکەیان هەر زوو شکستی هێنا، چونکە خەڵک لەوە هۆشیارترە بەو چەواشەکاریانە هەڵخەڵەتێت، ماوەتە بڵێم سیاسەتی بنەماڵەی بارزانی و حکومەتەکەی بەنیسبەت گەلی کورد بەتایبەت باشوری کوردستان خۆکوژیە، گەلەکەمان زەرەرمەندی یەکەمە.
شایەتحاڵ هەیە کە فرۆکەی تورکی بۆردومانی کردووە
چرۆ حسێن شوانی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی، ڕوونیکردەوە، هەڵوێستی هاوڵاتیانی عێراق بەرامبەر بۆردومانی تورکیا بۆ سەر ناوچەیەکی گەشتیاری لە زاخۆ لە ئەنجامدا شەهیدبوونی هاوڵاتیانی سڤیل، لەوانە ژمارەیەکیان بە ڕەگەز عەرب بوون، هەستان بەداخستنی نوسینگەی پێشکەشکردنی ڤیزهی تورکیا و ئاڵای تورکیایان هێنایە خوارەوە، لای خۆشمان لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی کوردی لە جیاتی ئیدانەکردنی هێرشەکەی تورکیا کە شایتحاڵەکان ئەڵێن فرۆکەی بێ فرۆکەوان بووە، بەڵام بێ شەرمانە پەردە پۆشی دەکەن و لایەنێکی کوردی تۆمەتبار دەکەن، "بێدەنگی و بێ هەڵوێستی لایەنە کوردییەکانی هەرێم و بە تایبەتی دەسەڵاتی کوردی بەرامبەر بەم هێرشە بێ شەرمانەی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا عەیبەیەکی گەورەیە شەرمەزارییە".
تۆپبارانکردنی سەیرانگای دهۆک پێشهاتێکی مەترسیدارە
بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لەوبارەیەوە دەڵێت: تورکیا دەیەوێت شەڕی نێو وڵاتەکەی بگوازێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، بەو بیانوەشەوە دەیەوێت بەشێک لە ھەرێمەکەمان داگیر بکات، تۆپبارانی سەیرانگاکانی دھۆک پێشھاتێکی مەترسیدارە، بەڵام ھەڵوێستی پارێزگاری دھۆک جێگای سەرسوڕمانە!، ھەروەھا بەشێک لە بەرپرسانی نزیک لە تۆپبارانەکە لە قسەو بەیانەکانیان داوای لێکۆڵینەوە دەکەن و نەزانینی خۆیان بەرانبەر ئەنجامدەران دەردەبڕن.
بڵێسە جەبار فەرمان دەشڵێت: "چ عەقڵ و مەنتقێک نازانێت کە کێ ئەو تاوان و تۆپبارانەی ئەنجام داوە؟، ئەم بێئاگایی و ھەڵوێستە شەرمنانەی بەرپرسانی ھەرێم لە کۆتاییدا سەری ھەرێم دەخوات، بەرپرسانی ھەرێم نایشارنەوە کە گەندەڵی ھەیە و قەچاغچێتی ھەیە، بەڵام بێئاگایی خۆیان لە ئەنجامدەران نیشاندەدەن، ڕۆژانە ھەرێمەکەمان تۆپباران دەکرێت و دارستانەکانمان سوتماک دەکرێن و ھاوڵاتیانمان شەھید دەکرێن و بەرپرسان بێئاگان لە ئەنجامدەرانی.
بەھۆی شەھیدکردنی گەشتیارە عەرەبەکان لە نەجەف ھێرشکرایە سەر نوسینگەی پێدانی ڤیزە و ئاڵای تورکیا داگیرا، لە بەشێکی زۆری پارێزگاکانی جنوب خۆپیشاندانە، ئەی لە ھەرێم چی کرا؟".