" ئەرکی یاسادانەرە لەسەر بابەتە هەستیار و تایبەتمەندەکان بە ژیان تاک و خێزان قسە بکات "

بەهۆی دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان کە پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزان و ژنان لە هەرێمی كوردستان خوێندنەوەی بۆکرا، چالاکوانان، پارێزەران و ڕۆژنامەنووسان دەربارەی دۆخی پەرلەمانی کوردستان و ئاستی هۆشیاری ئەندام پەرلەمانەکان دەنووسن.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕگه‌ی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ی دوێنێی پەرلەمان بریتیبوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزان و ژنان لە هەرێمی كوردستان، چالاکوانان، پارێزەران و ڕۆژنامەنووسان دەربارەی دۆخی پەرلەمانی کوردستان و ئاستی هۆشیاری ئەندام پەرلەمانەکان دەنووسن و ڕەخنە لەو دۆخەی ئێستا دەگرن کە پەرلەمانی تێدایە.

 

ئەڤین ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ژنان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی دەنووسێت: " هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێرانی قەبارەی ڕاستەقینەی ئەو کارەساتەی دەرخست کە لەژێر قوبەی پەرلەماندا دەگوزەرێت، هەر بەڕاست ئەم زۆرینەیە لەعەتاڵ وپاتاڵ و سەر بۆیاخ کراوانە کێ گەیاندنی بەو کورسیانە؟، تووشی چ نەگبەتییەک بووین، وەرن فەریکە حاجیەکی هیچ لە بارانەبوو، و ئیخوانیەکی تازە هەڵتەقیو قسە لەسەر پاراستنی ژنان بکەن، لە توندوتیژی، کورت وپوخت هەر هەوڵدانێک بۆ هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە لەسایەی بوونی ئەم جۆرە مەخلوقاتانە جگە لەکارەساتی زیاتر هیچ بەرهەمێکی تری نابێت بۆ ژنانی باشوور، سەرەتا فۆرماتی ئەقڵیەتی حاجیەکان بکەن دواتر یاسایان پێ هەمواربکەنەوە، هەرخۆی ئەوانه چەند دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمانیان دەوێت بۆ ئەوەی جاری بەس فێربن جێندەر باڵانس چییە."

 

پەیمان عیزەدین، پارێزەرە و دەربارەی هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەنووسێت: " بەڵێ سەرجێیکردن بەزۆر توندوتیژیە و توندوتیژیەکی گەورەشە، کڵۆڵی و نەگبەتی کوردە کە زۆرینەی میدیا و ڕۆژنامەنوسەکانی نەخوێندەوارن و نازانن کە لەساڵی ٢٠١١ و لەکاتی دەرچواندنی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی،‌ لە ماددەی دووەم، یەکەم ، بڕگەی ١٣ بەزۆر سەرجێی کردن بە توندوتیژی دانراوە و لای هیچ میدیاکار و میدیایەک نەبۆتە باس و بابەت.

 

لە یاسای نێودەوڵەتیدا و لە پێناسەی توندوتیژی خێزانیدا ، بە زۆر سەرجێیکردن وەک لێدان بە توندوتیژی دانراوە، ئیش و ئەرکی یاسادانەرە لەسەر هەموو بابەتە هەستیار و تایبەتمەندەکان بە ژیان تاک و کۆمەڵگە و خێزان قسە بکات و چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە.

 

بێئاگاییە لە وردەکاری یاسای باری کەسێتی و سزادانی عیراقی کە چونەتە ناو چەند وردەکاریەوە، ئەگەر یاسادانەر بەوردی باسی تاوانە سێکسیەکان نەکات، چۆن دەتوانێت یاسای بۆ دابنێت، تێگەیشتن لە گۆڕانکاری و عەدالەت و مافی مرۆڤ و یەکسانی ژن و پیاو تەنیا دروشم نیە، پێویستی بە وازهێنانە لەو بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتانەی ساڵانێکە لەسەری ڕاهاتوین و پێمان وانیە توندوتیژی بن."