"مردنی ژینا لەپێناو ژیاندا بوو نەک تەنها لێکردنەوەی لەچکەکەی"
سۆزان حەمەتاتە، نووسەر، هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی ئێران و گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی دەکات و دەڵێت: ژینا یەکەمیان دەیویست ژنێکی ئازاد بێت و دووەمیشیان کوردێکی ئازا بێت، بەپێی پێوەری سیاسی و حکومداری لە ئێران ئەو دوانەش لە قەدەغە کراوەکانن.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆشنبیر و نووسەرانی باشووری کوردستان دەربارەی ژینا ئەمینی دەنووسن و ناڕەزایەتی خۆیان و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێران و ئازادی و سەرکوتکارییەکانی دەسەڵات بەرامبەر ژن و کورد دەکەن، سۆزان حەمەتاتە، نووسەر، دەربارەی ژینا ئەمینی و ئازادی و سیاسەتی ڕژێمی ئێران دەنووسێت: ژینا لە کڵاوڕۆژنەی ئازادییەوە بۆ ژیان و کۆمەڵگە و ژن و دەوروبەری دەڕوانی.
دەقی وتارەکەی سۆزان حەمەتاتە؛
یەکێک لە کێشە گەورەکانی بەردەم ژیانی مرۆڤ لە کۆمەڵگەیەکی ئایینیدا ئەوەیە؛ ژیان یەک ڕەنگ و مانای دیاریکراوی هەیە، یاسا و ڕێساکان چوارچێوەدارن و هیچ هەناسەیەکیان تیادا نادرێ، ئیتر مرۆڤ لە هەر چرکەیەکدا بەدوای دەرفەتی ئازادبوون و خۆئازادکردندا دەگەڕێ، زۆرجار لەم ڕێگەیەدا تووشی چارەنوسی مەرگ دەبێت، ئەوەی ژینا ئەمینی ئەو چارەنوسە بوو.
ئێران بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی سەرکوتکردنی ئازادییەکان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بەپێی پێوەرە مەزهەبییەکان، کۆمەڵگەی ئێرانیی تووشی گۆشەگیریی کردووە، قەیرانی ئابوری و بێکاری زۆر و بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر بەڕێژەیەکی زۆر، بوونەتە سیمای دیاری کۆمەڵگەی ئێرانی، لە دۆخی وادا بێگومان ڕێژەی تاوانیش زۆر دەبێت.
ژینا ئەمینی بە دونیایەک خەون و خولیاوە بۆ ژیانی دەڕوانی، دوو گرفت بەرۆکی ئەویان گرت، یەکەمیان دەیویست ژنێکی ئازاد بێت و دووەمیشیان کوردێکی ئازا بێت، بەپێی پێوەری سیاسی و حکومداری لە ئێران ئەو دووانەش لە قەدەغە کراوەکانن، بۆیە ژینا بەهۆی ئازادی و ئازاییەوە مرد.
ژینا لە کڵاوڕۆژنەی ئازادییەوە بۆ ژیان و کۆمەڵگە و ژن و دەوروبەری دەڕوانی، کۆتوبەندی لەچک نەیتوانی لە خەونی ئازادبوون دووری بخاتەوە، بەڵکو ئەو دەیویست ئازادی بۆ هەموان بێت "هەر مرۆڤە بە ئازادی خەونەکانی بەرجەستە بکات، هەر ژنە و ئازادبێت چۆن ژیان بکات، لەچککردن و نەکردن ئازادانە بێت".
کاتێک مرۆڤ دەیەوێت ئازادبێت دنیایەک گرفت دێنە ڕێگەی، بەدەستهێنانی ئازادی ئیرادە و خۆڕاگریی دەوێت، کۆسپ و تەگەرەی زۆر دێنە بەردەمی، بە ترس دەورە دەدرێت، بەڵام چونکە ئازادی بەهای گەورە و زۆری بۆ ژیانی مرۆڤ هەیە، کەسی ئازای ئازادیخواز ئامادەیە لەپێناویدا بمرێ.
کورتکردنەوەی مردنی ژینا تەنها لەبەرئەوە نییە لەچکی فڕێداوە، ئەگەر تەنها ئەوە بە هۆکار بزانین ئەوە مردنەکەی بچوک دەکەینەوە، بەڵکو مردنی ژینا لەپێناو ئازادیی بیرکردنەوە و ژیاندا بوو، ژیان بەگشتی، ئازادیی ڕۆحو جەستەو شێوازی ژیانکردن، بۆیە مردنی ژینا لەپێناو ژیاندا بوو، نەک تەنها لێکردنەوەی لەچک، بەڵام لەچک لەوساتەدا ڕەمزە بۆ سەپاندن و کوشتنی ئازادی، بۆیە یەکەم هەنگاوی ژینا لێدانە لەو ڕەمزە، لەو عەقڵیەتەی ئازادی ڕەتدەکاتەوە و بڕوای بەسەپاندن هەیە، کە تەمەنی کورتە دەپسێ، لەوساتەشدا ئازادی هەڵدێ.