ڕاگەیاندنی بانگەوازی ناڕەزایەتی فراوانتر بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران دەکرێت

ناڕەزایەتییەکان لەدژی کوژرانی ژینا ئەمینی و قوربانیانی دیکەی کوشتاری حکومەت و بۆ ڕووخاندنی حکومەتی پاوانخوازی کۆماری ئیسلامی بۆ پێنجەمین شەو لەسەر یەک بە چڕی زیاتر ناڕەزایەتییەکان بەڕێوە چوو.

ناوەندی هەواڵ

 

توڕەیی و بێزاری خەڵکی ئێران ئەو تووڕەییەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە چوار دەیە قوڕگیانی خنکاندووە و کپی کردوەتەوە، ئێستا ئەو دەنگە کپکراوەنە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی گۆڕاوە و بوەتە تەقینەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، شەوی ڕابردوو، کوردستان و ئێران شاهیدی ناڕەزایەتی بەربڵاو بوون، لەو شارانە: سەقز، پاوە، مەهاباد، سەردەشت، دێهگلان، سنە، نەقدە، بوکان، پیرانشار، شنۆ، کرماشان، ئیلام، دێهلران، بانە، قوروە، ورمێ، ئیوانغەرب ، تاران، مەشهەد، تەبرێز، خوراسانی باکوور، نووشار، ئەهواز، نەیشابور، قوچان، بۆجنوورد، زاهیدان، بابۆلسەر، ئەمۆڵ، ڕەشت، کەرەج، ئیسلامشار، مازەندەران، کرمان، کیش، قوچان و شیراز، خۆپیشاندەران لافیتەی خامنەی، خومەینی و قاسم سولەیمانی دەدڕێنن ، ویستی کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی هەیە.

 

خۆپیشاندەران لە شارەکانی کوردستان بە سووتاندنی ئاڵای کۆماری ئیسلامی، خامنەیی و خومەینی و بە دروشمی "کوردستان گۆڕستانی فاشیەکانە"، "ژن، ژیان، ئازادی"، خوازیاری کۆتایی هێنان بە ئیستعماری حکومەتی ئێران لە کوردستان بوون.

 

هەروەها خۆپیشاندەران لە شارەکانی ئێران ئاگریان لە بانکەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و ئۆتۆمبیلی دەوریە و ئۆتۆمبێلی ئەمنی و داڵدەدانی پۆلیس بەردا و بە دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر، ئێمە نامانەوێت  نە پاشا نە ڕابەر، مردن بۆ ئەم دەسەڵاتە" دەیانەوێت کۆماری ئیسلامی ئێران بڕوخێنن.

 

ئەو هەواڵانەی دەست ئاژانسی هەواڵی نوژنها کەوتوون ئاماژە بەوە دەکەن کە لە شاری سنە و شارەکانی دیکەی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان لە ماڵەوە خەڵکیان کردووەتە ئامانج لە کاتی سەیرکردنی دەرەوەدا و گازی فرمێسکڕێژیان فڕێداوەتە حەوشەی ماڵەکان.

 

ئینتەرنێت پچڕاوە یاخود خێراییەکەی کەم بووەتەوە، هێزەکانی سوپا بە جلوبەرگی ئاساییەوە لە شەقام و ناوچە جیاجیاکانی شارەکاندا جێگیرکراون بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، ململانێی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران چڕتر بووەتەوە، مەدەنی، سیاسی و چالاکانی کۆمەڵایەتی بانگەوازێکیان بڵاوکردووەتەوە بۆ پشتیوانیکردن و درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکان، وە داوایان کردووە ناڕەزایی فراوانتر بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە سەرتاسەری ئێران و کوردستان ئەنجام بدرێت.