لە سلێمانی دوو خوشک لەلایەن براکەیانەوە کوژران
لە گەڕەکی بەکرەجۆی سلێمانی تەرمی دوو ژن لە ماڵێکدا دۆزرانەوەو بەپێی زانیارییەکان لەلایەن براکەیانەوە کوژراون.
ناوەندی هەواڵ
کوشتنی ژنان بەدەستی پیاوانی نزیکیان بەردەوامی هەیە و ئەو عەقڵیەتەی خۆی زاڵ کردووە بەسەر ژناندا، ڕێگەی خۆشکردووە بۆ کوشتنی ژنان و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئامارەکان لەم ڕووەوە لە زیادبووندان.
ئەمڕۆ ١٤ی تشرینی دووەم، تەرمی دوو ژن کە خوشکی یەکن، لە ماڵەکەی خۆیاندا دۆزراونەتەوە.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی سەبارەت بە کوشتنی دوو ژن بۆ ڕاگەیاندنەکان قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەو دوو خوشکە لەلایەن براکەیانەوە بە چەکی کڵاشینکۆف کوژراون.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو خوشکە لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٥ن، تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی داد کراوە.