برسێتی مەترسی لەسەر نیوەی دانیشتووانی سودان دروست دەکات
بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە کە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی سودان ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراک دەبنەوە و مەترسی برسێتی بەسەر بەشێکی زۆری وڵاتەکەدا دەڕوات.
ناوەندی هەواڵ
لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ەوە، ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە و لە ئەنجامدا کارەساتێکی مرۆیی و برسێتی و وێرانکردنی ژێرخانەکان، هەروەها گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس و زیاتر لە ١٣ هەزار ئاوارە و پەنابەری لێکەوتووەتەوە.
لە ڕاپۆرتێکی نوێی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ململانێی بەردەوام لە سودان، کە دوێنێ ١٢ی تشرینی یەکەم بڵاوکرایەوە، هۆشداری داوە لەوەی کە نزیکەی ٢٦ ملیۆن کەس لە ئێستادا ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراک و برسێتی دەبنەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ململانێیەی کە ماوەی ١٩ مانگە لە سودان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا بەردەوامە، کاریگەری گەورەی لەسەر دانیشتووانی سودان هەبووە، ژمارەی ئاوارەکانی ناوخۆی وڵات ١١ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.
ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی کردووەتەوە، نزیکەی نیوەی دانیشتوانی شارەکان لە سودان ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراکی مامناوەند تا توند دەبنەوە، هەروەها تەنها ٢٠٪ی خێزانە شارنشینەکان چێژ لە ئاسایشی خۆراک وەردەگرن، ڕێژەی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە وڵاتدا پێش دەستپێکردنی ململانێکان ٧٨٪ بووە و ئێستا بۆ ١٥.٥٪ دابەزیوە.
هەروەها ململانێکان کارەساتێکی مرۆیی لێکەوتووەتەوە کە ملیۆنان دانیشتووی ئەو وڵاتەی بەرەو برسێتی و گیان لەدەستدان بردووە کە لە کۆی ١٨ ویلایەت ١٣ ویلایەتی گرتووەتەوە.