یونسکۆ داوای پەسەندکردنی پەروەردە لەسەر بنەمای زمانی دایک دەکات

بۆ ڕۆژی جیهانی زمانی دایکەوە یونسکۆ داوا لە وڵاتان دەکات سیاسەتی پەروەردەی فرە زمانی بگرنەبەر و زمانی دایک لە پەروەردەی سەرەتایی منداڵاندا پەیڕەو بکەن، چونکە ٪٤٠ی زیاتر لە ٦ هەزار و ٧٠٠ زمانی باو لە جیهاندا مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە بەهۆی کەمی قسەکەرەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سەبارەت بە نایەکسانی پەروەردەیی، یونسکۆ خستیەڕوو، ئەو منداڵانەی بە زمانی دایکی خۆیان فێردەکرێن، بە ڕێژەی ٪٣٠ زیاتر لەو منداڵانە کە زمانی دایکی زمانی پەروەردەی خۆیان نییە، لە کۆتایی خوێندنی سەرەتاییدا، شارەزای تێگەیشتن لە خوێندنەوە دەبن. هەروەها بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە فێربوون بە زمانی دایک توانای کۆمەڵایەتی منداڵان باشتر دەکات.

 

ئۆدری ئازۆلای، بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆ، جەختی لە گرنگی خوێندنی فرە زمانی لەسەر بنەمای زمانی دایک لە ساڵانی خوێندنی سەرەتاییەوە کردەوە، کە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئێستای جیهانی لەسەر کەرتی پەروەردە.

 

یونسکۆ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پاڵپشتی وڵاتانی ئەفریقا بکەن لە هەوڵەکانیان بۆ پەرەپێدانی فێربوونی فرە زمانی، بەپێی ڕاپۆرتە نوێیەکەی یونسکۆ بەناونیشانی "ئێمە بۆ فێربوون لەدایک دەبین" هاتووە، لە هەر ٥ منداڵێک یەک منداڵ لە ئەفریقا لەسەر زمانی دایک پەروەردە دەبن، لەکاتێکدا ئەفریقا کیشوەرێکە بەرزترین ئاستی فرەچەشنی زمانی هەیە.

 

یونسکۆ تیشکی خستە سەر سەرکەوتنەکانی مۆزەمبیق کە لەم دواییانەدا لە ڕێگەی مەنهەجی نوێی ڕاهێنانی مامۆستایانەوە خوێندنی دوو زمانەی بۆ ٪٢٥ی قوتابخانەکان پەیڕەوکردووە، جەختیش لەوە کراوەتەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە دارایی زیاتر تەرخان بکات بۆ پاڵپشتیکردنی وڵاتانی ئەفریقا کە کار لەم بوارەدا دەکەن.

 

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، یونسکۆ گرنگی پاراستنی زمانی گەلانی ڕەسەنی بە بیرهێنایەوە، چونکە ٪٤٠ی زیاتر لە ٦ هەزار و ٧٠٠ زمانی باو لە جیهاندا مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە بەهۆی کەمی ژمارەی قسەکەرانییەوە.