نەک بوومەلەرزە، بەڵکو دەوڵەت لە بالیان نەوەیەکی لەناوبرد

لە ناوچەی بالیانی سەمسور، بەهۆی بوومەلەرزەوە تەنها ١٠ ماڵ بە ساغی ماون و بەهۆی نەگەڕان و ڕزگارنەکردنی خەڵک لە ژێر بینا ڕووخاوەکاندا دەیان کەس گیانیان لەدەستدا، ژنانی بالیان وتیان: "تەنها خۆبەخشەکان هاتن بۆ گوندەکە، ئێمە دەوڵەتمان نەبینیوە".

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور- سەمسور یەکێکە لەو شوێنانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات زیانی زۆری بەرکەوتووە و چەندین گوند ڕووخاون، دوای بوومەلەرزەکە لە گوندی بالیانی سەر بە سەمسور لە چیاکاندا چاڵ دروستبووە و بەردەکان کەوتوونەتە سەر ڕێگاکان و ناوچەکە هیچی نەماوە، لەگوندەکەدا لە ١١٠ خانوو تەنیا ١٠ خانوو بە ساغی ماونەتەوە و ٧٥ کەس لە گوندەکاندا گیانیان لەدەستداوە، ژنان بەڕۆژ لە ماڵەکانیان، کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان پێگەیشتووە، دەمێننەوە و شەوانە لە چادردا دەمێننەوە.

 

"هەوڵم دا خوشک و براکانم دەربهێنم بەڵام نەمتوانی"

پەریهان کەکیک ئاماژەی بەوەدا کە لە ڕۆژی بوومەلەرزەکە دەیان خانوو لە گوندەکەی ڕووخاون و هیچ شوێنێکیش لە گۆڕستانی گوندەکەدا نەماوە، حەوت کەسی خێزانەکەی لەدەستداوە و وتی: سەیری زەویم کرد دەهەژا، لەگەڵ منداڵەکانم چووینە دەرەوە، دواتر چووم بۆ ماڵی باوکم لەوێ، هاوژینی براکەم و براکەم لە ژێر داروپەردوودا مابوون، هەوڵمدا بەڵام نەمتوانی دەریان بێنم، پاشان چووم بۆ ماڵی براکەم و بینیم کە ئەوانیش لەژێر داروپەردوودا ماون، من ٧ کەسم لە دەستدا، براکەم بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەژێر بینای ڕووخاودا مایەوە، برایەکی دیکەم دوای دوو ڕۆژ دەرهێندرا.

 

"خەڵک لەژێر بینا ڕووخاوەکاندا بێ هەناسە مانەوەو ژیانیان لە دەست دا"

پەریهان کەکیک ئاماژەی بەوەدا کە بێجگە لە خۆبەخشەکان هیچ کەسێک بە هاواری ئەوان نەچووە و وتی: بێجگە لە خۆبەخشەکان هیچ کەسێک نەهاتە ئێرە بۆ ئەوەی یارمەتیمان بدات، کەس لەلایەن دەوڵەتەوە نەهاتە ئێرە، سارد بوو، ئەو ڕۆژە و دوای ئەوە باران باری، بەفر باری، بۆ چەند ڕۆژێک نەمانتوانی تەرمەکان دەربهێنین، کەس نەهات زۆر قورس بوو، نامانەوێت ئەو ساتانە بەبیر بهێنینەوە.

 

"ئێمە لە گوندەکەمان دەوڵەتمان نەبینیوە"

گوڵتان گوڵتەکین باسی ئەو شەوە دەکات و وەک خەوێکی ناخۆش دێتە بەرچاوی، ئاماژەی بەوەدا هەموو شەوێک دەخەوێت و دەخوازێت کە ئەم شتە ڕاست نەبێت، وتی: هیچ شوێنێکی ئەم گوندە نەماوە کە بتوانین بۆی بڕۆین، چیتر منداڵەکانمان ناتوانن بخەون و هەموو خزمە نزیکەکانمان مردن، ئێمە لە بارودۆخێکی خراپداین، ئێمە لە چادردا دەخەوین، سەرما و بەفرە، لە ناوەڕاستی زستانداین، دەوڵەت زۆر درەنگ هات بۆ لای ئێمە، کەسمان نەبینیوە و چادرەکان دوو ڕۆژە بۆ ئێمە هاتوون، هیچ شتێک لەمە زیاتر نەهاتووە.

 

"هیچ نەوەیەک لە گوندەکەماندا نەماوە"

گوڵتان گوڵتەکین وتی: لە گوندەکەماندا هیچ نەوەیەک نەماوە، گەنجانیش گیانیان لەدەستدا، کاتێک چاومان دادەخەین و دەیکەینەوە، دەڵێین ئەمە ڕاست نییە، با خەون بێت، بەڵام چ ئازارێک کە هەموو شتێک ڕاستە.