لە بوومەلەرزەکەدا ٧ ملیۆن منداڵ زیانیان بەرکەوتووە

بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بە هەزاران خێزان بێ ماڵ بوون و یونیسێف دەڵێت: ٤ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار منداڵ لە تورکیا و دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵیش لە سوریا زیانیان بەرکەوتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

جامر ئەلدەر، وتەبێژی سندوقی فریاگوزاری نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پالیس دێس ناسیۆنس لە جنێڤ ڕایگەیاند، زۆرێک لە منداڵان کاریگەری توندوتیژییەکانی مانگی شوباتیان لەسەر بووە، بە گشتی چوار ملیۆن و ٦٠٠ هەزار منداڵ زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە ١٠ شاری تورکیا و دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵیش بەهۆی بوومەلەرزەکەی سوریاوە زیانیان بەرکەوتووە.

 

جامر ئەلدەر، ڕایگەیاند کە منداڵان و خێزانەکان پێویستیان بە یارمەتی هەیە و وتی: زۆربەی کرێکارانی دامودەزگاکان و تیمەکانی فریاگوزاری سەرەتایی لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە، بەشێکی زۆریان بریندار بوون و کەلوپەلەکانیان لە ژێر داروپەردوودا بەجێماوە، ئەو خێزانانەی منداڵیان هەیە لەسەر شەقامەکان دەژین، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەیان هەزار خێزان لەگەڵ منداڵەکانیان لە کەشوهەوای سارد و بەفر و باراندان، ژمارەی ئەو منداڵانەی کە تووشی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان بوون ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات.

 

جامر ئەلدەر ئاماژەی بەوەشکرد، کە یونیسێف ئاوی پاک، جلوبەرگی زستانە، پێداویستی پزیشکی، سێتی منداڵ و دایک، سێتی پاکوخاوێنی دایک، بەتانی، پادی خەوتن، پاوەر بانک و کورسی خەوتنی ڕەوانەی سوریا کردووە و بەپێی پێویستییەکان دابەشی دەکەن بەسەر خێزانەکاندا.