لە چوارەم ساڵی دامەزراندنیدا؛ ژنانی ڕۆژنامەنووس دەنگی ڕاستین

یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان بە بۆنەی ٤ەمین ساڵیادی دامەزراندنیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، "تەنها بە ئاشکراکردنی حەقیقەت کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراسی دادەمەزرێت، بۆ ئەوەش پێویستە ژنانی ڕۆژنامەنووس دەنگی ئەم ڕاستییە بن و تێکۆشان بکەن بۆ دەرخستنی".

ناوەندی هەواڵ

 

یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا-یەڕەژە کە لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ دامەزرا، بە بۆنەی ٤ەمین ساڵەی دامەزراندنیەوە، ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامانی، ژنانی ڕۆژنامەنووس، پەیرەوانی حەقیقەت، خەباتکارانی ڕۆژنامەگەری ئازاد کرد و یادی هەموویان ئەو ڕۆژنامەنووسانەیان کردەوە کە لە ڕێگای حەقیقەتدا گیانیان بەخت کرد.

 

یەڕەژە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەکرد، "لە کوردستان و لە سەرتاسەری جیهاندا ژنە ڕۆژنامەنووسەکان بە قەڵەم و کامێراکانیان ڕاستی و دڕندەیی بەرامبەر بە ژنان و کۆمەڵگە ئاشکرا دەکەن، ئەم ڕاستییە بە جیهان دەگەیەنن و لە هەمان کاتدا باس لە قارەمانێتی و پێشەنگایەتی ژنانی تێکۆشەر دەکەن، سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە لەم سەردەمەدا سیاسەتی شەڕە تایبەتەکانی تاڵان، جینۆساید، کوشتن، دابەشبوون، لەشکرکێشی و پێشێلکردنی مافەکان بە ڕێگای بوونی خۆی دەزانێت، حوکمڕانی یەک دەست و ڕەگەزپەرستی و گرژی لە کۆمەڵگەدا دروست دەکات، ئەمەش قەیران و شەڕ و ململانێش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ڕیشەی هەموو شەڕەکان نەهێشتنی بناغەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییە. ئەمڕۆ ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بە بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە پێشێلکارییەک، تیشک دەخەنە سەر ڕاستییەکان'.

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە جەنگی جیهانی سێیەم دەکات کە لەسەر بناغەی شەڕ خۆی ڕێکدەخات و تیایدا ژن و منداڵ قورسترین باج دەدەن، "هەموو دامودەزگاکانی دەسەڵات جەستەی ژنیان کردووە بە کاڵا، ڕۆح و بوونی ئەو ژنەیان لەناوبردووە، سیستمی دەوڵەت-نەتەوە بە ڕێکخستنی ژنان و کۆمەڵگە و بە هۆشیاریی ژنێکی ئازاد کۆتایی پێدێت، ڕاگەیاندنی ئازاد لە دژی ئەم دەسەڵاتە دەتوانێت قەڵایەک بێت لە دژی ئەقڵیەتی پیاو کە بەهاکانی کۆمەڵگەی ئەمڕۆ پێشێل دەکات، لە بەرامبەر هەموو ئەم سیاسەتانە، یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان لەسەر هێڵی گوربەتلی ئەرسۆز و ساکینەکان خۆی ڕێکخست، بووە ناوەندێک بۆ تیشک خستنەسەر ڕاستییەکان و بەرزکردنەوەی خەبات، ڕاگەیاندنی ژنی ئازاد لەبەردەم خەباتێکی سەختدایە. دەبێتە پێگەیەکی بەهێزی حەقیقەت بەرامبەر دڕندەیی سیستمی ڕەگەزگەرایی و ژنانی ڕۆژنامەنووس بە قەڵەم و کامێراکانی خۆیان پێشەنگایەتی شۆڕشی ئازادییان کرد و بەردەوام لە خەباتیشدا دەبن تا دەبنە دەنگی هەموو ژنان.