چوارەمین فێستیڤاڵی شەهید زیلان لە قامیشلۆ بەڕێوەچوو

ڕۆژی ٢٨ی حوزەیران لە شاری قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یەکێتی ژنانی گەنجی کانتۆنی جزیرە چوارەمین فێستیڤاڵی شەهید زیلانی بە دروشمی "زیلان، خوداوەندی ئازادی" بەڕێوەبرد.

قامیشلۆ

 

لە ٢٨ەمین ساڵیادی شەهیدبوونی تێکۆشەری تەڤگەری ئازادی زیلان "زەینەب کیناچی" کە لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٦ لە چالاکییەکی گیانفیدایدا دژی سەربازانی دەوڵەتی تورک لە شاری دێرسیم لە باکووری کوردستان شەهید بوو، یەکێتی ژنانی گەنجی کانتۆنی جزیرە چوارەمین فێستیڤاڵی شەهیدانی زیلان بە دروشمی "زیلان خوداوەندی ئازادی" لە شاری قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەبرد، لە فێستیڤاڵەکەدا سەدان کەس لە دانیشتووانی شاری قامیشلۆ و گوندەکانی ئامادە بوون.

 

لە میانی فێستیڤاڵەکەدا بە ناوی یەکێتی ژنانی گەنجی کانتۆنی جزیرەو ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار وتار پێشکەش کرا و تیشک خرایەسەر بەرخۆدانی شەهید زیلان و گرنگی پەیڕەوکردنی ڕێبازی ژنە تێکۆشەرەکان.

 

'ئەو بۆ ئێمە خوداوەندە"

لە فێستیڤاڵەکەدا سۆریاس سمۆ بەناوی یەکێتی ژنانی گەنجی کانتۆنی جزیرەوە قسەی کردو پیرۆزبایی چوارەمین فێستیڤاڵی شەهید زیلانی کرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەم فیستیڤاڵە لە ڕێبەر ئاپۆ، هاوڕێکانمان لە زیندانەکان و گەریلاکان لەسەر لوتکەی شاخەکان پیرۆز دەکەین، ئامانجی شەهید زیلان بەم چالاکییە گورزێک بوو لە دوژمن، ئەم ساتەوەختە گۆڕانکاری مێژوویی بە تایبەتی بۆ هێڵی خەباتی ژنان کرد، پێویستە ئێمەش مانا بەم هەنگاوە بدەین و بە ڕۆحی شەهید زیلان مامەڵە بکەین.

 

دواتر ڕەمزیە محەمەد بەناوی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا قسەی کرد، تیشکی خستەسەر شەهیدانی ژنی ڕێگای ئازادی و لە هەمان کاتدا ڕایگەیاند، شەهیدبوونی زیلان مانایەکی گەورەی هەیە بۆ گەلی کورد، بە تایبەتی بۆ ژنان.

 

"بە هەزاران زیلان هەن"

میدیا عەبدولڕەحمان، ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنج شەهید زیلانی بەبیرهێنایەوەو ئاماژەی بەوەکرد، بۆ یادی زیلان لە شارە جیاجیاکان چالاکی ئەنجام دەدەن و وتی: مانگی حوزەیران مانگی ئازایەتی و گیان فیداییە، دەمانەوێت شەهید زیلان بە زیندووی بهێڵینەوە، هەروەها تێکۆشانی بناسێنین، بەتایبەت بۆ ئێمەی ژنانی گەنج، ئەو خوداوەندە، لە ڕۆحی خۆماندا دەیبینین و هەزاران ژن هەن کە شوێن پێیەکانی دەکەون، خۆمان شەڕڤانی زیلانین، لە هەمان کاتدا هێزی دڵی شەهید زیلانمان لەبیرە، کە چۆن توانی دڵی دوژمن کون بکات، لێرەدا بەڵێن دەدەین کە ڕۆحی ئەو لە دڵی هەموو مرۆڤێکدا بە زیندووی بهێڵینەوە، هەروەها بەڵێن دەدەین بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ خەبات بکەین.

 

فێستیڤاڵەکە بە چەندین گروپی گۆرانی و هەڵپەڕکێ و شانۆ کە بەرهەمە هونەریەکانیان پێشکەش کرد، کۆتایی هات.