گۆڕێکی دیکەی بە کۆمەڵ لە شەنگال دۆزرایەوه

گۆڕێکی دیکەی بە کۆمەڵی ئەو کەسانە دۆزرایەوە، کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە هێرشە داگیرکارییەکەی ئابی ٢٠١٤ لە شەنگال کۆمەڵکوژکران.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی پاتریجۆر، دوێنێ ٩ی ئایار ڕایگەیاند، گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە شەنگال هەیە، ئەو کەسانەی تێدایە لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کوژراون، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستکەوتوون شوێنی ناشتنەکە هەڵدراوەتەوە و ئێسکەکان دۆزراونەتەوە.

 

ژن و منداڵ هەن

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئێسکی ژن و منداڵ لە گۆڕە بە کۆمەڵەکەدا دۆزراونەتەوە، هەندێکیان پێکهاتەی شیعەی شەنگالن، کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژکران، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی دروستکردنی قوتابخانە لەو شوێنەدا زۆربەی ئێسکەکان شکاون.

 

٨٥ گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە

تا ئێستا ٨٥ گۆڕی بە کۆمەڵ لە شەنگال دۆزراونەتەوە، بۆ یەکەم جار لە ١٥ی ئاداری ٢٠١٩ بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەمریکا دەست بە لێکۆڵینەوە کرا.