پەیوەندی کۆمەڵایەتی نەخۆشییەکانی تەمەنی پیری کەم دەکاتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە بەسەربردنی کات لەگەڵ هاوڕێ کاریگەری تەندروستی ئەرێنی هەیە، ئەو ژنانەی لە هاوڕێیەتی دوور دەکەونەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە زیاتر لە یەک نەخۆشی ٢.٤ هێندە زیاتر بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژینەوەیەک لەلایەن زانکۆی "کوینسلاند" لە ئوسترالیا لەسەر بەسەربردنی کات و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی ئەنجامدراوە، تێیادا ٧ هەزار و ٧٠٠ ژن لەنێوان تەمەنی ٤٥-٥٠ ساڵدا بەشدارن، پشتڕاستیکردوەتەوە، کە بوونی کۆمەڵێک هاوڕێ لە ژیانمان لە کۆتاییەکانی چلەکاندا دەتوانێت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ کەم بکاتەوە.

 

شیاولین شوو، نووسەری توێژینەوەکە دەڵێت: ئەو ئەنجامانەی بەدەستمان کەوتووە، دەریدەخات پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە باشەکان لە تەمەنی ناوەڕاستدا سوودی تەندروستی هەیە، بۆیە پێویستە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە لەپێشینەی تەندروستی گشتی هەژمار بکرێن.

 

توێژەران ڕێژەی ١١ حاڵەتی سەرەکی نیشان دەدەن کە پەیوەندی کۆمەڵایەتی باش کاریگەری لە کەم تووشبوونیان هەیە، ئەوانیش، شەکرە، بەرزی پەستانی خوێن، شێرپەنجە، هەوکردنی جومگەکان، پووکانەوەی ئێسک، نەخۆشی دڵ، جەڵتەی مێشک، گیرانی درێژخایەن، تەنگەنەفەسی، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.

 

ئەو ژنانەی لە بونیادنانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دوور دەکەونەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە زیاتر لە یەک نەخۆشی ٢.٤ هێندە زیاتر بووە.