لە کەرتی نەوتی عێراقدا ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان ١٪ تێپەڕ ناکات

لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕێژەی بەشداریكردنی ژنانی لە کەرتی نەوتدا ئاشکرا کرد، لە ١٪ تیپەڕ ناکات.

ناوەندی هەواڵ

 

پاشخستنی ژنان لە بوارەکانی ژیان و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەهۆی عەقڵییەتی دەسەڵات و پیاوسالاری تا دێت ڕێژەکەی لە زیادبووندایە و بە تایبەت لە پۆست و پلە باڵاکاندا ڕێژەی بەشداری ژنان تەنها لە ١٪ە.

 

زەینەب موسەوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لە کەرتی نەوتی عێراق، وەک کێڵگە و پاڵاوگەکان، لە ١٪ تێپەڕناکات بە بەراورد بە ٩٩٪ بۆ پیاوان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە وەزارەتی نەوت چەند ڕێکارێک بگرێتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لە کەرتی نەوتدا، لەوانە زیادکردنی ژمارەی وەرگیراوانی ژنان لە پەیمانگای نەوتی وەزارەت، هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ زیادکردنی کورسی خوێندن لە خوێندنی ئەکادیمی و باڵای پسپۆڕییەکانی نەوت و گاز بۆ ژنان.

 

تایبەت بە یەکسانی جێندەری لە کەرتی نەوتدا زەینەب موسەوی ئاماژەی بەوەکرد کە پێویسته‌ ژن و پیاو یه‌كسان بن لە کارکردن لە کەرتی نەوتدا، هه‌روه‌ها تەنها پشت بە پیاوان نەبەستن، وەک لە بەڕێوەبردنی پۆستە گرنگەکان یان کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق.