بەرەوپێشخستنی دۆخی ژنان ئامانجی ناوەندی لێکۆڵینەوە و پاراستنی مافەکانی ژنانە

لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، ناوەندی لێکۆڵینەوە و پاراستنی مافەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕێگەی چەندین توێژینەوە و بەڵگەنامەوە کاری کردووە بۆ پشتگیریکردن، پاراستنی مافەکانیان و بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژنان.

لەیلا محەمەد

 

قامیشلۆ- ناوەندی لێکۆڵینەوە و پاراستنی مافەکانی ژنان بۆ بەرگریکردن لەو ژنانەی کە بە هەموو شێوازەکانیەوە توندوتیژی و کردەوەی نایاسایی و نامرۆڤانەیان بەرامبەر دەکرێت، دامەزراوە، برەودان بە ڕاستینەی خۆیان و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەک کە لە هەموو ئاستەکاندا ئاگاداری مافی ئازادی و یەکسانی خۆیان بن ئامانجی ناوەندەکەیە، لە ڕێگەی ئامادەکردنی ڕاهێنانی توێژینەوە و هۆشیاری و دۆکیۆمێنتکردن و بەرگریکردن لەو پێشێلکارییانەی بەرامبەریان دەکرێت پشتیوانی ژنان دەکات و بەهێزیان دەکات.

 

ناوەندەکە لە بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانەوە دەستیپێکرد

سەبارەت بە گرنگترین کار و ئەرکی ناوەندی لێکۆڵینەوە و پاراستنی مافەکانی ژنان، شیرین جولی، ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوە و پاراستنی مافەکانی ژنان ی ڕوونیکردەوە کە ناوەندەکە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دامەزراوە و لە ساڵی ٢٠٢٠ بە فەرمی ڕاگەیەندرا، سەرەتا کۆمەڵێک پارێزەری ژن هەبوون کە کاریان بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەو پێشێلکارییانە کرد کە بەرامبەر بە ژنان دەکرا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داگیریان کردووە و دواتر کاری ناوەندەکە فراوان بوو بۆ بەشەکان و هەر بەشێک ئەرکی خۆی بەڕێوەدەبات.

 

شیرین جولی وتیشی: ناوەندی سەرەکی لە شاری قامیشلۆیە و چەندین لقی دیکەمان هەیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ڕەققە و تەبقا و حەلەب، جگە لە لقێکی دیکە لە دیمەشق، کارەکانمان لەناو ناوەندەکە بە سێ قۆناغ دابەش دەکرێت، یەکەم و سەرەکییەکەی ئەنجامدانی هەڵمەتێکی هۆشیارییە بۆ ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها کەمپەینی بڵاوکردنەوەی کولتووری ئاشتی کە پەروەردەکردنی ژنان لە یاسا و پرەنسیپەکانی ژنان لەخۆدەگرێت، جگە لە پرۆژەی ژیانێکی سەلامەت بۆ خێزانێکی سەلامەت و تەندروست بۆ کەمکردنەوەی هاوسەرگیریی لە تەمەنی زوودا، قۆناغی دووەمی کارەکانمان بریتییە لە گرنگیدان بە کێشەی ژنان لە هەر دوو کامپی هۆل و ڕۆژ بە ڕێکخستنی کۆبوونەوەی تاکەکەسی، قۆناغی سێیەم بەرگریکردنە لە ژنان لە پێش هەموو لایەنەکان، چ ناوچەیی و هەرێمی ئەمەش بە چاودێری و بەلگەنامەی پێشێلکاری بەرامبەر ژنان دەکرێت لە ناوچە داگیرکراوەکان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا".

 

پشتگیری منداڵانیش دەکات

بێریڤان ڕەشۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ناوەندی لێکۆڵینەوە و پاراستنی مافەکانی ژنان یەکێک لە ئامانجی ناوەندەکەی ڕوونکردەوە و وتی: یەکێک لە ئامانجە دیارەکانمان نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی و جیاکارییە دژ بە ژنان و بەدیهێنانی یەکسانی ڕەگەزییە، بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکە کە ئاگاداری مافی ژنان بێت بۆ ئازادی و یەکسانی لەهەموو ئاستەکاندا لەڕێگەی پەرەپێدانی یاسای پەیوەست بەژنان و منداڵان و برەودان بە کولتووری یاسایی ژنان بۆ ڕۆڵگێڕانی کارا لە هەموو یاسادانانێکی نەتەوەییدا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا بێریڤان ڕەشۆ وتیشی: کارمان کردووە بۆ دۆکیومێنتکردنی کەیسی شەهید هەڤرین خەلەف، سکرتێری گشتی حزبی داهاتووی سوریا، دوای ئەوەی کەیسەکەمان ئامادە کرد، ڕادەستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرا، هەروەها کارمان لەسەر دۆسیەی کۆمەڵکوژی کۆبانێ کردوە تا ئێستاش کاردەکەین بۆ بەڵگەنامەی ئەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر بە ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکرێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانی، ئێمە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ چاودێری پێشێلکارییەکان دەکەین.