فیدراسۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان ڕاپۆرتی ساڵی ۲۰۲٤ی بڵاوکردەوە
فیدراسۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان٣٤ەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر ڕۆژنامەنووس و کارمەندانی راگەیاندن، کە لە ساڵی ٢٠٢٤ کوژراون بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ١٤ ژنە ڕۆژنامەنووس کوژراون.

ناوەندی هەواڵ
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان ٣٤ەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی کارمەندانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە کە لە ساڵی ۲۰۲٤دا کوژراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕێژەی گیان لەدەستدانی ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جوگرافیای عەرەبی لە ساڵی ۲۰۲٤ گەیشتووەتە ۷۷کەس، زۆربەی ئەو گیان لەدەستدانانە لە ئەنجامی شەڕی غەززە و لوبنان بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٤دا چەندین کارمەندی ڕاگەیاندن لە شوێنەکانی دیکەی جیهان کوژراون: ٢٢ ڕۆژنامەنووس لە ئاسیا و زەریای هێمن، ١٠ ڕۆژنامەنووس لە ئەفریقا، ٩ ڕۆژنامەنووس لە ئەمریکا و ٤ ڕۆژنامەنووس لە ئەوروپا کوژراون.
فیدراسیۆنەکە داوای لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بەپەلە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستن و سەربەخۆیی ڕۆژنامەنووسان پەسەند بکەن، کە لەژێر پێشەنگایەتی فیدراسیۆنەکە ئامادەکراوە، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە سزا نەدان لە بەرامبەر کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە سەرانسەری جیهاندا.