ئایشە گۆککان لە زیندانەوە: پشتیوانی گەورەترین هێزمانە
ئایشە گۆککان وتەبێژی پێشووی تەژەئا کە سزای ١٩ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە لە پەیامێکدا دەڵێت: هەمیشە پشتیوانی ئەو کەسانە دەکەین کە تێکۆشان بۆ ماف و ئازادی دەکەن، پشتیوانی گەورەترین هێزی ئێمەیە.
ناوەندی هەواڵ
ئایشە گۆککان، وتەبێژی پێشووی تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" لە زیندانی ژنانی سنجانەوە سەبارەت بەو سزا زیندانییەی کە بەسەریدا سەپێندراوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
پەیامەکەی ئایشە گۆککان بەم شێوەیەیە:
“لەو دۆسییەیەی کە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخستندا بۆم کرایەوە، دادگا بە کۆی گشتی ١٩ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەرمدا سەپاند و بڕیاریدا مانەوەم لە زینداندا بەردەوام بێت، ئەم بڕیارە باوەڕی ئێمەی بە ڕەوایەتی تێکۆشانەکەمان لاواز نەکردووە؛ بەپێچەوانەشەوە ئیرادەی ئێمەی بۆ ڕاستی و دادپەروەری و ئازادی بەهێزتر کردووە، دەمەوێت سوپاسی هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان، ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتیکەکان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، پارێزەران، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، نوێنەری لایەنە سیاسییەکان، ڕەنجدەرانی ڕاگەیاندن و هەموو کەسێکی خاوەن ویژدان بکەم کە لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ پرۆسەکە کرد و لە یەکەم ڕۆژی دۆسییەکەوە تا کاتی بڕیارەکە پشتیوانی خۆیان دەربڕی.
ئەم پشتیوانییە بەهێزە تەنیا بۆ من نییە؛ بەڵكو بووەتە دەربڕینێکی مانادار لە تێکۆشانی ژنان بۆ یەکسانی و ئازادی و خاوەنداریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و داوای دادپەروەری، هەر پشتگیرییەک کە لەم پڕۆسەیەدا دەربڕدراوە، هەر پەیامێک کە نێردراوە و هەر دەنگێک بەرز کراوەتەوە، جارێکی دیکە نیشانی دا کە ئێمە تەنیا نین.
دەزانین تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی و یەکسانی و ژیانێکی شکۆمەندانە تاوان نییە، بەو هیوای کە لەلایەن پشتیوانییەوە گەورەکرا، ئێمە هەمیشە پشتیوانی ئەو کەسانە دەکەین کە تێکۆشان بۆ ماف و ئازادی دەکەن، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم، کە دەنگی ئێمەیان گەیاند و هیوایان گەورەکرد، پشتیوانی گەورەترین هێزی ئێمەیە.