کەنەکە کەمپەینی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستانی بەرز نرخاند

بە ئامادەبوونی ئەندامانی دەستەی سەرپەرشتیاری هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان گۆنگرەی نەتەوەی کوردستان-کەنەکە پشتیوانی لە کەمپەینی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوا کرد.

سلێمانی

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی دەستەی سەرپەرشتیاری هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوە و بەڕێوەچوونی هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکارییان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەرز نرخاند.

 

لە کۆبوونەوەکەدا ڕۆزا حەسەن، ئەندامی کۆنگرەی ستار و فەتحوڵا حسێن، ئەندامی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕووبار ئەحمەد و گەشە دارا، دەستەی هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستان، بەختیار مستەفا، ئەندامی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، زەینەب موراد، ڕەفیق غەفور، شێرکۆ حەمەئەمین، شۆڕش خدر ئەندامانی کەنەکە هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی کۆمەک و هاوکارییەکانی باشووری کوردستان بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کرا.

 

هاوکات باس لە گرتنەبەری ڕێکارەکانی کردنەوەی دەروازەی سنووری سێمێلکا کرا، کە دوای ڕاوەستاندنی کاتی ئەم شێوازەی هاوکاری، پێشنیار کرا لە هەنگاوی داهاتوودا هاوکارییەکان بە شێوازی باشتر لە باشووری کوردستانەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بنێردرێت.

 

"کەمپەینی ڕۆژئاوا پشتیوانی و بەرخۆدانی کوردانی باشووری کوردستانە بۆ ڕۆژئاوا"

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕەفیق غەفور، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە باسی لە ئامانجی سەردانەکەی کەنەکە کرد کە کۆکردنەوە و یەک دەنگی ناو ماڵی گەلی کوردە لە باشووری کوردستان، چەندین چاوپێکەوتن و سەردانیان لە باشووری کوردستان ئەنجامداوە و وتیشی: وەک لە ڕاگەیاندنەکان دەبیندرێت کوردانی شەهبا لە ڕۆژئاوای کوردستان و دەوروبەری لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، لە زێدی خۆیان کۆچیان کرد بەرەو ناوچەی خۆبەڕێوەبەری، لە ئەنجامدا زۆرێک لە ژنان و منداڵان ڕوبەڕووی ئاستەنگی و مردن دەبوونەوە، بۆیە لە باشووری کوردستان سەرەڕای خراپی بارودۆخی ئابووری هاوڵاتیان، هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری ماددی بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد، هەبوونی ئەم کەمپەینە لە باشووری کوردستاندا پشتیوانی و خەباتە کە هەر یەکەمان لە گۆشەیەکی نیشتیمانەکەماندا هەوڵ بۆ ئازادبوونی پارچەیەکی دیکەی کوردستانمان دەدەین.

 

"کوردان لە ڕۆژئاوا پێویستیان بە هاوکاری ماددی و مەعنەوی هەیە"

ڕۆزا حەسەن، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان وتی: لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هاوکارییەکانی کوردانی باشووری کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و کردنەوەی دەروازەی سنوریی سێمێلکا کرا، چونکە یەکبوونی کورد لە پشتیوانیەکاندا و یەک دەنگی و پشتیوانی ژنان لە کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوا ئەرکێکی گرنگە، هەرچەندە هاوکارییەکان بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووریەوە باش نییە، بەڵام کوردان و یەکبوونیان بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا ئەگەر بە بڕە پارەیەکی کەمیش بێت گرنگ و جێی بایەخە.