ژنانی مەخموور: زیلان ڕێگای ڕاستی نیشان داین

ژنانی کامپی مەخموور ڕایانگەیاند کە چالاکییە گیانبازیەکەی شۆڕشگێڕ زەینەب کناجی بووەتە مایەی خەبات بۆ ژنان دەشڵێن: هەڤاڵ زیلان ڕێگای ڕاستی نیشانی هەموو ژنان دا، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

نوپەلدا دەنیز

 

مەخموور- زەینەب کناجی له ‌ساڵی ١٩٧٢ له‌ گوندی ئه‌لمالی سه‌ر به‌ شاری مه‌ڵاتیای باکووری کوردستان له‌دایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە ئەلمالی تەواو کردووە و پاشان لە بەشی ڕاوێژی دەروونی لە زانکۆی ئینۆنۆی مەلاتیا درێژەی بە خوێندن داوە.

 

زەینەب کناجی لە کاتی خوێندنی زانکۆدا پارتی کرێکارانی کوردستانی ناسی و لە ساڵی ١٩٩٤ لە شاری ئەدەنە دەستی بە چالاکییەکانی هێڵی پێشەوە کردووە، لە ساڵی ١٩٩٥ لە دەرسیمەوە پەیوەندی بە گەریلاکانی کوردستانەوە کردووە، زەینەب کناجی لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٦ بە ئامانجی ئیدانەکردنی پیلانگێڕی ٦ی ئایاری ١٩٩٦ لە دیمەشق لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شاری دەرسیم، خۆی لەناو مەراسیمی ئاڵای سەربازی سوپای تورک دەتەقێنێتەوە، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا هەشت سەربازی تورک کە زۆربەیان فەرماندەن دەکوژرێن و ٢٩ سەربازی دیکەش بریندار دەبن.

 

ئۆزنور کایا، دانیشتووی کامپی مەخموورە و وتی: هەڤاڵ زیلان لە ساڵی ١٩٩٦ دژی پیلانگێڕی چالاکییەکی فیداکاری ئەنجامدا، چالاکییەکەی زیلان دەنگێکی لە جیهاندا دروستکرد، کردەوەی فیداکاریی هەڤاڵ زیلان کاریگەری گەورەی دروستکرد و زیانی زۆری بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا گەیاند، دەوڵەتی تورکیا زیانەکانی شاردەوە، دوای ئەو چالاکییەی زیلان ژنان دەستیانکرد بە ڕێکخستن، هەزاران گەنجی کورد پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد و ناویان لە خۆیان نا زیلان، ئەو میراتەی زەینەب کناجی بەجێی هێشتووە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، ئەو خۆڕاگرییەی کە ئازادیخوازانی کوردستان لەسەر لوتکەی شاخ و لە تونێلەکاندا بەرزی دەکەنەوە، میراتی هەڤاڵ زیلانە، ئەو خەباتەی کە ژنانی کورد لە ئێستادا لە دژی هێرشی دوژمنان خەبات دەکەن، درێژەپێدەری ئەو خەباتەیە.

 

"زەینەب کناجی بەو چالاکییە ئامانجی ئەوەبوو ژنان ئازاد بکات"

ئۆزنور کایا ئاماژەی بەوەکرد چالاکییە گیانبازیەکەی زەینەب کناجی بووە هۆی ئەوەی ژنان دەست بە خۆڕێکخستن بکەن و وتی: وەک هەڤاڵ زیلان لە نامەکەیدا بۆ ڕێبەر دەڵێت، خۆزگە شتێک لە ژیانی خۆم زیاتر هەبوایە کە بیکەمە قوربانی، بۆیە پێویستە ژنان ئاگاداری خەونی هەڤاڵ زیلان بن، ئەو چالاکییە ئەو بووە هۆی ئەوەی ژنان دەستبکەن بە ڕێکخستنی خۆیان.

 

"ژنان لە ڕێگەی درێژەدان بە خەباتی شەهید زیلان خەبات دەکەن"

ئۆزنور کایا، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد هێڵی ژنی ئازاد ژنانی لە مردن و کۆیلایەتی ڕزگار کرد، وتی: چالاکییەکەی شەهید زیلان هێز و متمانەی بە هەموو ژنانی کورد بەخشی، ئەگەر ئێستا وەک ژن بتوانین باسی شەهیدەکانمان بکەین، ئەوە لە سایەی ڕێبەر ئاپۆ و شەهید زیلان و هەموو شەهیدەکانمانەوەیە، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە هەموو جیهاندا دەنگ دەداتەوە، هەموو ژنانی جیهان بۆ ئازادی خۆیان ڕوو لە ژنانی کورد دەکەن، هێڵی ژنی ئازاد ژنانی لە مردن و کۆیلایەتی ڕزگار کرد.

 

"هەڤاڵ زیلا میراتێکی بۆ هەموو ژنان بەجێهێشت"

 

ڕوخۆش عەفرین، دانیشتوویەکی دیکەی کامپەکەیە و ئاماژەی بەوەدا کە زیلانی شۆڕشگێڕ بۆتە مایەی هێز بۆ هەموو ژنان و وتی: هەموو شەهیدان لە کەسایەتی هەڤاڵ زیلاندا بە بیر دەهێنینەوە، ئەو چالاکییەی کە هەڤاڵ زیلان لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٦ ئەنجامیدا، زۆر مانادار و کاریگەر بوو، ئەو کارە دەوڵەتی تورکیای هەژاند، زیلان بووە مایەی خەبات و بەرخۆدان بۆ ژنان، ئەو چالاکییە تایبەتمەندانەی کە ئێستا ئەنجام دەدرێن درێژە پێدەری ئەو چالاکییەن، ئارین میرکان و ڤیان سۆران و سارا و ڕوکن و چەندین ژن و کوڕی کورد شوێنکەوتووی ڕێبازی شەهید زیلانن.

 

"پێویستە گەنجەکانمان میراتی شەهیدەکانیان بپارێزن"

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕوخۆش عەفرین وتی: ئێمە وەک ژن لە هێڵی شەهید زیلان خۆمان پەروەردە دەکەین، ئامانجمانە خۆمان بە ڕێکخستن بکەین و لە هێڵی خەباتی شەهید زیلان بەردەوام بین، داوا لە هەموو گەنج و ژنان دەکەم لە ڕووی ڕێکخستن و پەروەردە و بیرکردنەوە بە ئاراستەی زیلان بڕۆن، پێویستە گەنجەکانمان ئاگاداری میراتی شەهیدەکانیان بن.