لە شەنگال ٣ گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە هەڵدرایەوە

دوێنێ لە سیبا شێخ خدری سەر بە شەنگال دەست بە هەڵدانەوەی ٣ گۆڕی بەکۆمەڵ کرا، کەسوکاری ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژی شەنگالدا گیانیان لەدەستدا، ڕایانگەیاند، ماوەی ٩ ساڵە چاوەڕێی تەرمی کەسوکارەکانیانن لە خاکدا دەربهێنرێن.

شەنگال

 

لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش فەرمانی ٧٤یان لەسەر شەنگال جێبەجێ کرد، لە ئەنجامی ئەم فەرمانە هەزاران ئێزدی کوژران و ئاوارە بوون و ڕفێنران، لە گوند و شار و ناوچەکانی شەنگال دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ دروستکران و سەدان کەسیان تیادا زیندەبەچاڵ کران،

 

هەرچەندە دەبوو ئەم گۆڕە بەکۆمەڵانە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر هەڵبدرانایەتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی خەمی حکومەتی عێراقەوە تا ئێستاش سەدان گۆڕی بەکۆمەڵ چاوەڕێی هەڵدانەوەن، هەروەها تیمەکانی کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ڕێکخراوی شەهیدانی عێراق کە بە سەرپەرشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیان کرد بە کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ناوچەی سیبای سەر بە شەنگال.

 

کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە مەراسیمێکی ئایینی و ئامادەبوونی نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەری شەنگال و تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ و بەرپرسی گوندەکە و بابە شێخ دەستی پێکرد، لە سەرەتاوە بابا شێخی ئێزدییەکان دەستی کرد بە کردنەوەی گۆڕەکان.

 

"٩ ساڵە بانگەواز دەکەین"

گوڵێ مەشۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی سیبا شێخ خدر، هاوخەمی خۆی بۆ خانەوادەکان دەربڕی و ڕایگەیاند، ٩ ساڵە گۆڕە بەکۆمەڵەکان قوربانی بێباکی عێراق بوون، وتیشی: ئێسکی شەهیدانمان ٩ ساڵە لە ژێر زەویدایە، کەس هیچی نەکرد بۆ ئەوەی دەریانبهێنێت، عێراق و هەمووان بێدەنگ بوون، فەرمانێک بەسەر ئێمەدا هات، خەڵکێکی زۆر کوژران و بە کۆمەڵ نێژران، ئەگەر هەڤاڵانمان بە هانای ئێمەوە نەهاتنایە، ئێمەش دەکوژراین.

 

"گەریلا ئێمەی لە کۆمەڵکوژی پاراست"

گول مەشۆ، باسی لەوەکرد، لە کاتی هێرشی داعشدا، پێشمەرگەکانی پەدەکە شەنگال و ئێزدییەکانیان بەجێهێشت و ڕایانکرد، وتی: چەکەکانمان بچووک بوون، شەهیدانی ناو ئەو گۆڕانە بەو چەکانە بەرپەرچیان دایەوە، بەڵام ئێمە هیچ فیشەکێکمان نەبوو و ئەوانیش شەهید بوون، ئەوانەی ماینەوە هەڵهاتین، گەریلا هاتن و لە کۆمەڵکوژی ڕزگاریان کردین، تا بمێنین ئەوان لەبیر ناکەین، ئێستاش بە هزری ڕێبەر ئاپۆ خۆمان بەڕێکخستن کردووە، ئێمە بە بیری پاک و باش شەڕ دەکەین، ڕێبەر ئاپۆ پێشەنگی ئێمەیە تا دونیا بوونی هەبێت، ژیان بەبێ ڕێبەر ئاپۆ بوونی نابێت.

 

"با بە ڕێزەوە پێکەوە لە پرسەکانمان نزیک ببینەوە"

نەهلا قیرانی یەکێکە لە کەسوکاری شەهیدەکانی ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ٧ کەسی لە شەهیدانی ناو گۆڕەکانن، دەڵێت: ٧ کەسی خێزانەکەم، کە خاڵ و مامم و کەسوکاری دیکەن، لەناو گۆڕەکاندان، هیوادارین بەم زووانە ئێسک و پروسکی شەهیدەکانمان بگەڕێتەوە، زۆر قورس بوو بۆ ئێمە کە گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ ماوەی ٩ ساڵ هەڵنەدرانەوە، ئەم شەهیدانە هەموویان لەم شوێنە شەڕیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە فیشەکیان تەواو بوو، بۆیە لێرە کوژران، بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت ڕوومان لە شاخەکان کرد و بەم شێوەیە ڕزگارمان بوو.

 

"ئامانجی داعش لەناوبردنی ئێمە بوو"

زەهریە شەمۆ دەڵێت: ڕۆژێکی ڕەشە، ڕۆژی فەرمانمان بیردەخاتەوە، ٩ ساڵە جەستەمان لە ژێر زەویدایە، کەس گرنگی بە خۆی نەدەدا، دوای ٩ ساڵ ئەمڕۆ ئازاد کراین، ئامانجی داعش لەناوبردنی ئێمە بوو، بەڵام هەڤاڵان ڕزگاریان کردین، ئەوانەی ڕزگاریان کردین لە کاتی فەرمانەکەدا هەڤاڵان بوون، بۆ ئەوەش سوپاسیان دەکەین و سوپاسی ئەو کەسانەش دەکەین کە ئەمڕۆ تەرمی کەسوکارمان دەردەهێننەوە.