١٢ ڕۆژ هێرش بۆ سەر غەززە؛ لە کۆمەڵکوژییەکدا سەدان کەس کوژران

لە کاتێکدا ڕێگری لە یارمەتییە مرۆییەکان دەکرێت بچنە ناو کەرتی غەززەوە بەهۆی کەمی سەرچاوە و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و خراپبوونی تەواوی سیستمی تەندروستی، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە

غەززە

 

ژمارەی کوژراوان لە غەززە بەرزبووەتەوە بەهۆی بەردەوامبوونی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ دوازدەهەمین ڕۆژی لەسەر یەک، هەروەها بەئامانجکردنی نەخۆشخانەی تایبەتی مەعمەدانی لە ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززە کە زیاتر لە ٥٠٠ کەسی کوشت و دەیان کەسی بریندارکرد، ئەمەش شەپۆلێکی ئیدانەکردنی لێکەوتەوە لە سەرتاسەری جیهاندا.

 

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ڕایگەیاند، لەو کاتەوەی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەەزە دەستیپێکرد بەلایەنی کەمەوە چوار هەزار کەس لەنێویاندا منداڵ و ژن گیانیان لەدەستداوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەم نەخۆشخانەی مەعمەدانی کردە ئامانج بەبێ ئاگادارکردنەوە، بووە هۆی کارەساتێکی مرۆیی بێ وێنە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی، ئەمەش بووە هۆی شەپۆلێکی بەربڵاوی ئیدانەکردن لە سەرتاسەری جیهاندا، لەگەڵ داواکردنی پێویستی دابینکردنی پاراستن بۆ خەڵکی فەڵەستین.

 

زۆرینەی برینداران ژن و منداڵن

وەزارەتی تەندروستی لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە بۆردومانە بەردەوامەکانی کەرتی غەززە بوونەتە هۆی برینداربوونی بەلایەنی کەمەوە ١١ هەزار کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، زیاتر لە هەزار کەس لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا کوژراون، ئەوانیش زۆربەیان ژن و منداڵن و هێشتا سەدان کەس لەژێر داروپەردووی بینا وێرانەکاندا گیریان خواردووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم هێرشە لە کاتێکدا هاتووە کە کەرتی غەززە ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی و تەندروستی بێوێنە بووەتەوە، نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە چوونەتە قۆناغی داڕمانی ڕاستەقینەوە بەهۆی بڕینی کارەبا و کەمی سووتەمەنیەوە، بۆردومانی ئاسمانی و دەریایی کاریگەری لەسەر جەبەلیە و کامپی نوسرەت و گەڕەکی یەرمووک و گەڕەکی زەیتون و ڕەفەح و خان یونس کردووە.

 

وەزارەتی ناوخۆی فەڵەستین ڕایگەیاند، نزیکەی ٣٧ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون لە هێرشێکدا بۆ سەر ناوچەکانی قەساسیب و حەلیمە سەعدیە لە جەبەلیە لە باکووری کەرتی غەززە.

 

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" هۆشداری دا لە کارەساتێکی تەندروستی ئەگەر سەدان تەرم لە پاشماوەکان نەگەڕێندرێنەوە، هەروەها زیاتر لە ١٧٠ منداڵ لەژێر خانووە وێرانکراوەکاندان و هێشتا نەدۆزراونەتەوە.

 

مەترسی لەسەر تووشبووانی شێرپەنجە هەیە

نوسینگەی زانیاری حکومەت ڕوونیکردەوە کە کاتژمێرەکانی داهاتوو زۆر گرنگن بۆ ناسینەوەی هەزاران کەسی بریندار و نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە و دواکەوتنی وەڵامدانەوەی ئەو تەلەفۆنانەی کە لەلایەن سیستمی تەندروستییەوە دەستیان پێکردووە مانای ئەوەیە کە هەموویان گیانیان لەدەستداوە، ڕاگرتنی کاری هەندێک لە بەشەکانی تاکە نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە کەرتی غەززە هەڕەشە لەسەر ژیانی سەدان نەخۆشی شێرپەنجە دەکات.

 

نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە، بە ڕێزگرتن لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان پێویستە هاوڵاتیانی مەدەنی و کارمەندانی فریاگوزاری پارێزراو بن، ئەمەش لە کاتێکدایە سوپای ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی تشرینی یەکەم ئاگادارییەکی نوێی بڵاوکردەوە بۆ غەززەییەکان بۆ چۆڵکردن و گواستنەوەیان بۆ باشوور.