دیوارەکانی دیواندەرە باس لە بەردەوامیی شۆڕش دەکەن

ئەو دروشمانەی کە گەنجانی شۆڕشگێڕی دیواندەرە لەسەر دیوارەکانی ئەو شارە نووسیویانە، ئاماژەن بۆ بەردەوامیی شۆڕش.

ژوان کەرەمی

 

دیواندەرە- ئەوەی کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەردەوام دەبێت، پڕوپاگەندە نییە بەڵکو ڕاستییەکی بابەتییە، ئەم ڕاستییە بابەتییە چەندین دەرکەوتنی ئاشکرای هەیە. یەکەمینیان ناڕەزایەتی شەقامەکانە، کە ئەگەرچی کەمتر بووەتەوە، بەڵام هەرگیز نەوەستاوە و لە مانگی ئەیلولەوە و دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، ڕۆژێک نەبووە کە ناڕەزایەتی بوونی نەبووبێت.

 

دووەمیان مانگرتنە بەردەوامەکانی خوێندکاران، سەندیکاکان و دوکاندارەکانە، کە زۆرتر و بەربڵاوترین جۆری ناڕەزایەتی بوو، سێیەمیان گەشتنی ژنانە بە دۆخێکی نەگەڕانەوە.

 

لە یەکەم ڕۆژی شۆڕشەوە، بە سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی ژنان ڕژێم توانای کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکانی لەدەستداوە و هەرچەندە هەوڵدەدات بە پێداگری لەسەر پرسی حیجابی ناچاری بەردەوام بێت لە ژێردەستەیی ژنان، بەڵام بۆی بووەتە مەحاڵ.

 

هەروەها نووسین دروشم لەسەر دیوارەکان و دابەشکردنی بڵاوکراوە و نامیلکە، بانگەوازی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەناوبردنی هێما ئایدۆلۆژییەکانی ڕژێم وەک وێنە و پەیکەری سەرانی کۆماری ئیسلامی، بەڵگەی بەردەوامیدانی شۆڕشن.

 

نووسینی دروشم لە دیواندەرەدا یەکێکە لە چالاکییە شۆڕشگێڕییە بەردەوامەکانی ژنان و گەنجانی شۆڕشگێڕ، ئەم جۆرە چالاکییانە لە شاری دیواندەرە بە هۆی قەبارە و کەمی دانیشتوانەکەیەوە زۆر قورسە. بەڵام گەنجان نەک هەر لەژێر سەرکوتی تونددا درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن، بەڵکو بەرخۆدانیان زۆر زیاتر کردووە و توانای زیاتریان نیشانداوە لەوەی کە خەڵک بیری لێدەکردەوە.