"بڕوانامەی کۆتایی هێنان بە ماوەی شەریعەت دۆزرایەوە"

ئارین میركان، شەڕڤانی یەكینەی دژە تیرۆر-یات كە بەشداری ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئاسایشی كردووە، باسی لە بەرەوپێشچوونی ئۆپەراسیۆنەكە كرد و ڕایگەیاند، لە ١٩ەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەكەدا تونێل و ئاڵای داعش دۆزراونەتەوە.

سۆرگول شێخۆ

 

حەسەکە- لە ٢٠هەمین ڕۆژدا قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی بەردەوامە، لەو ماوەیەدا چەندین چەته‌ی داعش، کەرەستە و ئامێرەکانی ئەشکەنجە و کوشتن، ئاڵا و ئەو پارانەی پەیوەندی داعش و دەوڵەتی تورکیا دەردەخەن، دۆزرانەوە، دوێنێش سەرەڕای تونێل و شانە نوستووەکانی داعش، ئاڵای داعش و تابلۆ و بڕوانامەی کۆتایی سەردەمی شەریعەتیش دۆزرایەوە.

 

هەروەها ژنێکی دیکەی ئێزدی لەلایەن یەپەژەوە ڕزگار کرا، ئارین میرکان، شەڕڤانی یەکینەکانی دژە تیرۆر، سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە بۆ نۆژنها دوا و وتی: لە ئەنجامی گەڕانێکی ورددا چەندین جانتا و تەلەفۆنی سەربازی دۆزرایەوە کە لە ژێر زەویدا شاردرابوونەوە، چەندین چەک کە بە سۆندەی ئاو دروستکراون و منداڵان پەروەردەی چەکیان لەسەر دەبینی و چەندین کتێب بە زمانی جیاواز دۆزرانەوە، هەروەها کۆرسی شەریعەتی ژنان لە کەمپەکەدا کرایەوە، پارچە کاغەزێک کە ناوی (ئوم خەیدە ئەندەنۆسی) لەسەری نووسرابوو، بینرا، دەرکەوت کە ئەم ژنە کۆرسەکەی تەواو کردووە، بڕوانامەی وەرگرتووە بەهۆی بەشداریکردن لەم خولەدا، ژمارەیەک تونێلیش بۆ خۆشاردنەوە لە هێزەکانمان بەکاردەهێنران، دۆزرانەوە و وێران کران.

 

کتێبی سعودی لە کامپی هۆلدا هەیە

ئارین میركان باسی لەوەشكرد، ژنانی داعش هەڕەشەی كوشتنیان لە شەڕڤانان دەکرد، "منداڵەكان نیشانەی داعشیان لە بەردەممان بەرزكردەوە، ژنانی داعشیش هەڕەشەی كوشتنی شەڕڤانەکانیان دەکرد و دەیانوت لەکوێ بتانبینین سەرتان دەبڕین، ئەو ژنانە و زۆربەی بنەماڵەکانیش بە هیوای ئەوەن کە داعش جارێکی دیکە خۆی ڕابگەیەنێت و بێتەوە گۆڕەپانەکە، هەروەها کتێبی چاپکراو لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە کە لە وڵاتی سعودیە چاپکراوە لە کەمپەکەدا دۆزرایەوە، ئەمەش واتە داعش پەروەردە لەسەر ئەو کتێبانە دەکەن، لەلایەکی ترەوە ڕوونە کە عەرەبستانی سعودیش پەیوەندی لەگەڵ کەمپی هۆل هەیە".

 

"هەتا ئێمە هەین و لێرەین، ڕێگە نادەین داعش زیندوو ببێتەوە"

ئارین میرکان ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی شەڕڤانان هەبن ڕێگە بە سەرهەڵدانەوەی داعش نادەن و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا، "وەک چۆن لە باغۆز و غوێران شکستمان بە داعش هێنا، جارێکی دیکە ڕێگەیان نادەین خۆیان بەهێزتر بکەنەوە، تا ئەو کاتەی ئێمە بمێنینەوە و لێرە بین، ڕێگە نادەین چەتەکانی داعش زیندوو ببنەوە.