٦ پەنابەری خەڵکی سووریا بە مردووی لەناو بەلەمێکدا دۆزراونەتەوە
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، ئەو پەنابەرانەی لەناو بەلەمێکدا لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دۆزراونەتەوە دوو کۆرپە و منداڵێکیان تێدایە، کە بەهۆی تینوێتی و برسێتی و سوتانی توندەوە گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی هەواڵ
ئاژانسى پەنابەرانى نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، لە بەلەمێکى کۆچبەر کە گەیشتە بەندەری پۆزالۆى سیسیلى لە ئیتاڵیا، شەش پەنابەرى سوری تیادا دۆزراونەتەوە کە دووانیان کۆرپە و منداڵێکن و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.
بەهۆی تینوێتی و برسێتی و سووتانی توندەوە گیانیان لەدەستداوە، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەهێزکردنی رزگارکردن لە دەریادا بە تاکە رێگە دەزانێت بۆ رێگریکردن لەو کارەساتانە، بەڵام تا ئێستا ڕۆژانە هاوڵاتیانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگاکانی کۆچکردنیان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا گیانلەدەستدەدەن و حکومەتەکانیش هێچ ڕێگا چارەسەرییەکی گونجاویان نەگرتوەتەبەر بۆ ڕێگریکردن لەو ڕووداوانە.
ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە لەنێو گروپێکی ٢٦ کەسیبوون کە چەند رۆژێک لەناو بەلەمەکەدا ماونەتەوە، یەکێک لە منداڵەکان تەمەنی یەک یان دوو ساڵ بووە، منداڵەکەی دیکەش تەمەنی ١٢ ساڵە، هەروەها تەرمی دایکێک و داپیرەیەک دۆزرایەوە، هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ژنێکی دیکە و کچەکەی لە بەلەمەکەوە بە فڕۆکە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە دوورگەی ماڵتا لە نزیکەوە.
ئاژانسى نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندووە، لە ئەمساڵدا زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ كەس لەكاتی هەوڵی پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست و گەشتن ئەوروپا، گیانیان لەدەستداوە یاخود لەناوچوون.