هیندستان، وڵاتیکی پڕ لە تاوان دژ بە ژنان

بەرزی ڕێژەی توندوتیژی و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان لە هیندستان نازناوی "پایتەختی دەستدرێژی سێکسی لە جیهاندا" پێبەخشیوە، تەنها ساڵی ڕابردوو پۆلیس زیاتر لە ٣١ هەزار دەستدرێژی سێکسی تۆمار کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ناریندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هیندستان داوای گۆڕینی عەقڵییەت دەکات بەرامبەر بە ژنان و داوای لە هاوڵاتیان کرد کە شەڕی ئەو ئەقڵییەتە بکەن، "شێواندنێک لە ڕەفتارەکانماندا ڕسوا بووە و ئێمە لە هەندێک کاتدا سوکایەتی بە ژنان دەکەین، ئایا دەتوانین پەیمانێک بگرین بۆ ڕزگاربوون لەم ڕەفتارە"، ئەو پێشنیاری کرد کە خەڵک بەڵێنێک بدەن بۆ ڕزگاربوون لە هەموو ئەو شتانەی کە ژنان لە ژیانی ڕۆژانەدا بە بێڕێزی پیشان دەدات.

 

ئەمە یەکەم جار نەبوو کە مودی باسی یەکسانی جێندەری و ڕێزگرتن لە ژنان بکات، لە یەکەم وتاری ڕۆژی سەربەخۆییدا وەک سەرۆک وەزیران لە ساڵی ٢٠١٤دا ئیدانەی دەستدرێژی سێکسی لە هیندستان کرد و وتی: کاتێک گوێبیستی ئەو دەستدرێژیانە دەبین سەرمان بە شەرمەوە بەرز دەکەینەوە.

 

بەڵام دوای هەشت ساڵ داتاکان ئەوە پیشان دەدەن کە تاوانەکانی دژ بە ژنان بە بێ ئەنجام ماونەتەوە، ژمارەکان بەرزبوونەوەیەکی بەردەوام پیشان دەدەن، جگە لە ساڵی ٢٠٢٠ ساڵ کەبەهۆی کۆرۆناوە هیندستانیش وەک وڵاتانی جیهان ناچار بوو کەرەنتین بکرێت، شارەزایان دەڵێن کە کەرەنتین کاریگەری لەسەر کۆکردنەوەی داتا هەیە لەو ساڵەدا.

 

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە ساڵی ٢٠٢١ هیندستان زۆرترین تاوانی دژ بە ژنانی تۆمار کردووە، چالاکوانان دەڵێن ئەو بەرزبونەوەیە جێگەی نیگەرانی جدییە، بەڵام دەسەڵاتداران دەڵێن لەبەر ئەوەی ئێستا ڕاپۆرتی باشتر هەیە و خەڵک زیاتر ڕوو لە پۆلیس دەکەن بۆ تۆمارکردنی کەیسەکان بۆیە ژمارەکان ڕوو لە زیادبوونن.

 

ساڵی ڕابردوو لە ١ی کانونی دووەم تا ٣١ی کانونی یەکەم پۆلیس ٦ ملیۆن تاوانی تۆمار کردووەو لەو ژمارەیە ٤٢٨ هەزار و ٢٧٨ی تاوانەکانی دژ بە ژنان بووە.

 

ساڵی ڕابردوو پۆلیس ٣١ هەزار و ٨٧٨ دەستدرێژیی تۆمارکردووە، ئەوەش بەرزبوونەوەیەکی زۆرە و دەیان هەزار حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی ساڵانە، هیندستانی کردووەتە "پایتەختی دەستدرێژی سێکسی لە جیهاندا".