١٠ خولەک جارێک منداڵێک لە غەززە بریندار دەبێت یان دەکوژرێت

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا لە کەرتی غەززە زیاتر لە دە هەزار ژن لە کەرتی غەززە کوژراون و ژمارەی ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە گەیشتووەتە دەیان هەزار ژن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئەنجامی شەڕی بەردەوامی نێوان حەماس و هێزەکانی ئیسرائیل، جگە لە ژمارەی قوربانییەکان کە هەزاران کەسی تێپەڕاند کە زۆربەیان منداڵ بوون شەڕی غەززە وێرانکاری و برسێتییەکی گەورەی لێکەوتووەتەوە کە گیانی منداڵان و بارودۆخی مرۆیی بەساڵاچووانی خراپتر کرد.

 

ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە زیاتر لە ١٠ هەزار ژن لە کەرتی غەززە کوژراون، لەکاتێکدا ژمارەیەک ژن ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، کە بە نزیکەیی دەیان هەزار کەسن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو ئەو ژنانەی لە غەززە کوژراون، شەش هەزار دایک ١٩ هەزار منداڵی هەتیویان بەجێهێشتووە و زیاتر لە ملیۆنێک ژن ڕووبەڕووی برسێتی بەدخۆراکی و نەبوونی ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە، کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست کردووە.

 

لە کەرتی غەززە هەر ١٠ خولەک جارێک منداڵێک بریندار دەبێت یان دەکوژرێت، ڕوونیشیکردووەتەوە، دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک بووەتە کارێکی ئەستەم، بەتایبەتی بۆ دایکانی شیردەر و ژنانی دووگیان، کە پێویستە ڕۆژانە بڕێکی زۆر ئاو و کالۆری بەکاربهێنن بە بەراورد لەگەڵ ئەوانی دیکە، ئاوی پاک پێویستە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بە سەلامەتی پاک و خاوێنی بژین بەتایبەت لە کاتی سوڕی مانگانەدا.

 

جەختیشی لەوەکردەوە کە پێویستە مانگانە ١٠ ملیۆن پادی تەندروستی یەکجار بەکارهێنراو یان ٤ ملیۆن پادی تەندروستی دووبارە بەکارهێنراو هەبێت بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی ٦٩٠ هەزار ژن لە کەرتی غەززە دابین بکرێت.

 

سوزان مایکل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێف ڕایگەیاند، شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە بێ گومان شەڕێکە لە دژی ژنان، کە ژنان ڕووبەڕووی گەورەترین زیان بوونەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەکرد، تەنیا ئاشتی دەتوانێت کۆتایی بە ئازارەکانی خەڵکی سڤیل لە غەززە بهێنێت، بەتایبەتی ژنان، هەر بۆیەش ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەچنە پاڵ بانگەوازەکانی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە ٢٧٢٨ی ئەنجومەنی ئاسایش، کە لە بیست و پێنجی مانگی ئاداردا دەرچووە، کە داوا دەکات بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و هاتنی سەلامەتی یارمەتییە مرۆییەکان کە پێداویستییەکانی خەڵک لە کەرتی غەززە دابین دەکات.

 

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە ڕاپۆرتی ئاماری ڕۆژانەی خۆیدا سەبارەت بە ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە ڕایگەیاندووە، ژمارەی کوژراوان بۆ ٣٣ هەزار و ٨٩٩کوژراو و ٧٦ هەزار و ٦٤٤ بریندار بەرزبووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٦ کۆمەڵکوژییان لە دژی تەواوی خێزانەکان ئەنجامداوە و ٥٦ کوژراو و ٨٩ برینداریش گەیشتووەتە نەخۆشخانەکان.