نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی "مینە نەتەقیوەکان"ی غەززەوە هۆشداری دا

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین هۆشداری دەدات کە غەززە لە "مەترسیدارترین قۆناغ"دایە بەهۆی زۆری مینە نەتەقیوەکانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

مۆنگۆ بیرچ، سەرۆکی دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین (UNMAS) لە فەلەستین، هەڵسەنگاندنێکی لە چوارچێوەی "بیست و حەوتەمین کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی نیشتمانی چالاکیی مین و ڕاوێژکارانی نەتەوە یەکگرتووەکان"دا کرد کە لە جنێف دەستی پێکرد و بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسراوی نووسینگەی جنێفی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند، غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لەژێر هێرشی توندی ئیسرائیلدایە، بەهۆی زۆریی مینە نەتەقیوەکانەوە شارکە لە "مەترسیدارترین قۆناغ" دایە.

 

مونگۆ بیرچ ڕوونیشیکردەوە، کاتێک خەڵک دەست بە گەڕانەوە بۆ باکووری غەززە دەکەن، ڕووداوی زۆر ڕوودەدەن و لەو بارەیەوە وتی: بە هۆی ئەوەی نازانرێت ئەو مینە نەتەقیوانە لە کوێدان، پیویستە پەروەردە لە بارەی مەترسییەکانەوە بدرێت.

 

جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ژان پیێر لاکرۆکس بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتی، ڕایگەیاند کە پشتگیری لە دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین دەکەن لە چالاکییەکانی وەک کاری مرۆیی و هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان، دووپاتیشی کردەوە کە دەستەبەرکردنی ئاگربەستی مرۆیی تا ئێستاش وەک کاری لەپێشینەیە بۆ غەززە.