دهۆک، لە کۆمەڵگەی مسێریك ژنێک کوژرا

شەوی ڕابردوو لە شارۆچکەی سێمێل ژنێک لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کوژرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێک لەلایەن وتەبێژی پۆلیسی دهۆکەوە، درەنگانی شەوی ڕابردوو، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە له سنووری پارێزگای دهۆك، ژنێك بە ناوی "ج.ج.م." لە شارۆچکەی سێمێل کوژرا.

 

بە پێی ئەوەی هێمن سلێمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆك، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "درەنگانی شەوی ڕابردوو له كۆمەڵگەی مسێریكی سەر به شارۆچکەی سێمێڵ ژنێك به ناوی "ج.ج.م."، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی كوژرا.

 

هەر بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، دوای ڕووداوەکە هێزەكانی پۆلیسی مسێریك و سێمێڵ گەیشتنه شوێنەکە و بكوژیان دەستگیر كرد، له ئێستاشدا لێكۆڵینەوه لەگەڵ بكوژ دەستیپێكردووه بۆ زانینی هۆكارەكانی پشت ئەو تاوانه.

 

جێی ئاماژەیە کوشتن و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، بە بیانووی جیاوازی وەک شەرەف، کێشەی کۆمەڵایەتی، تێکچوونی باری دەروونی و چەندین بیانووی دیکە، ئەنجام دەدرێت، کە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ یەک هۆکار، ئەویش ئەقڵیەتی پیاوسالاری و قۆرخکارییە، کە خۆی لەسەر بناغەی ژن دەهێڵێتەوە و بۆ ماوەی ئەو ئەقڵییەتە ژنان دەکاتە ئامانج.