دەنیز پۆیراز لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا لەسەر گۆڕەکەی یادی کرایەوە

دەنیز پۆیراز، کە لە هێرشێکی چەکداریدا لە دژی هەدەپە لە ئیزمیر لە ساڵی ٢٠٢١ تیرۆر کرا، لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا یادی کرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١، بکوژێک بەناوی ئۆنور گۆنجەر هێرشی کردە سەر بینای ئیزمیری پارتی دیموکراتی گەلانی "هەدەپە"، دەننیز پۆیرازی تەمەن ٣٨ساڵ لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستدا، بە بۆنەی ٤١مین ساڵیادی لەدایکبوونی دەنیز پۆیراز، ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "پارتی دەم"لە ئیزمیر، چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد "TJA" و دایکانی ئاشتی، لەسەر گۆرەکەی لە کایانکلار بوجایا ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوەیان سازکرد.

 

دایکی دەنیز پۆیراز: ڕۆحی هێشتا زیندووە

سەرەتا بەشداربووان گوڵیان خستە سەر گۆڕی دەنیز پۆیراز و خولەکێک بۆ ڕێزلێنان وەستان، دواتر فەهیم پۆیراز، دایکی دەنیز پۆیراز قسەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، دەنیز بەتەنها کچی ئەو نەبووە، بەڵکو کچی گەلی کورد و هەموو ئەوانەیە کە خاوەنداری لیدەکەن، دەنیز بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا، بەڵام ڕۆحەکەی لە هەموو شوێنێک دەژی، ئەگەر شەهید نەبووایە بەیەکەوە یادی لەدایکبوونیمان دەکردەوە، سوپاسی هەرکەسێک دەکەم کە هاتووەتە ئێرە.

 

"دەنیزێک دەڕوات بە هەزاران دەنیز دێنە شوێنی"

زەهرا ڤەزان کارابوڵوت، هاوسەرۆکی ئیزمیری پارتی دەم وتی: دەنیز هێشتا ژنێکی گەنجی تەمەن ٣٨ ساڵ بوو، بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا، سێ ساڵ بەسەر ئەم دڕندەییە تێپەڕیوە، بەڵام ئازارەکەمان هێشتا وەک یەکەم ڕۆژە. تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هەموو بکوژەکان دادگایی دەکرێن، دەنیزێک دەڕوان، بە هەزاران دەنیز دێنە شوێنی.

 

ڕێوڕەسمی یادکردنەوەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "شەهید نامرن" کۆتایی هات.