"کەرامەت" پڕۆژەیەکە ئامانجی پاڵپشتی و بەهێزکردنی ژنانی ئازاردراوە

ژنان بەدەست چەندین قەیرانەوە دەناڵێنن، پرسی توندوتیژیی جێندەرییش یەکێکی دیکەیە لە کێشەکان، کە فشارە ئابوورییەکان و کولتووری کۆمەڵگە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەری هەیە.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- ژمارەیەک پڕۆژەی گەشەپێدان کە ئامانجیان پاڵپشتیکردنی ژنان و توانایان بۆ تێپەڕاندنی سەختییەکانی ژیان و ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەریان دەکرێت، بەڕێوەدەچێت، بەتایبەتی ئەو توندوتیژییانەی کە لەم ماوەیەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو تەشەنەی کردووە، دەیان کچ گیانیان لەدەستداوە کە هۆکارەکەی کولتووری پیاوسالارییە، کە ڕەگ و ڕیشەی لە دڵی کۆمەڵگەدا هەیە.

 

دامەزراوە فێمینیستەکان ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە کارکردن لەسەر دۆسیەکانی توندوتیژی و چەندین پڕۆژەیان بەڕێوەبردووە، داوای پەرەپێدانی یاسایەکی یەکگرتوو و توند دەکەن کە ژنان لە توندوتیژی بپارێزێت، بە تایبەت ئەوانەی کە لە ناو خێزانی میسریدا بێدەنگن.

 

پڕۆژەی "کەرامەت" یەکێکە لە دیارترین پڕۆژە کە بۆ پاراستن و گەشەپێدانی ژنانی توندوتیژی لێکراو لە وڵاتی میسر بەڕێوەدەبرێت.

 

قۆناغی دووەم ئامانجی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژنانە

نیهاد مەتا بوترۆس، بەڕێوبەری پڕۆژەی "کەرامەت" و بەڕێوەبەری لقی ئۆفیسی مەرج لە کۆمەڵەی میسری بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنە، باسی لە قۆناغی پڕۆژەکە کرد و وتی: قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە ئامانجی پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانەیە کە لە قۆناغی یەکەمدا سەریانهەڵداوە، لە ماوەی کارکردنی پڕۆژەکەدا و لەگەڵ هەمان گروپ ئەنجام دەدرێت، ئێمە زۆر ژنمان ناسی کە پێویستیان بە پاڵپشتی دەروونییە، دوای کارکردن لەگەڵیان، دەرکەوت کە ئەوان بەدەست نەخۆشییەکانەوە دەناڵێنن، لەوانە شیزۆفرینیا و خەمۆکی، کە بووەتە پاڵنەر بۆ خۆکوشتنیان، بۆیە لە قۆناغی دووەمدا خزمەتگوزاری پزیشکی پێشکەش دەکرێت، لەوانەش دابینکردنی دەرمان بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی دوای ئەوەی پیشانی پزیشکانی دەروونی دەدرێن.

 

لە قۆناغی یەکەمدا بەشێكی دیکەی پێداویستییەکان دەرکەوتن، کە پەیوەستن بە ژنان و زاوزێی تەندروستەوە، سەبارەت بە ماوەی پڕۆژەکەش، نیهاد مەتا بوترۆس وتی: پڕۆژەکە نزیکەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت، بازنەی کارەکانمان لە قاهیرەیە، بەڵام زۆرترین ناوچەی تر دەگرێتەوە، لە ساڵانی یەکەمی کارکردنی پڕۆژەکەدا، کولتووری زۆرێک لە ژنان گۆڕا و هەندێکیان ئێستا سەرقاڵی هۆشیاری کۆمەڵگان، ئێستاش ماوەی ٤ ساڵە پڕۆژەکە بەردەوامە لە کارەکانی لەسەر پرسی توندوتیژی و ئەو بەڵایەی کە لە ئەنجامی ئەوەوە تووشی دەبن.

 

بەهێزکردنی ئابووری ژنان یارمەتیدەرە بۆ ڕزگاربوون لە توندوتیژی

جویب توکینۆن، بەڕێوەبەری بەرپرسی پڕۆژەی کەرامەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نوێنەری دامەزراوەی پاتێکی فەرەنسی، وتی: بەهێزکردنی ئابووری پێویست و گرنگە بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان و بتوانن ڕووبەڕووی توندوتیژی بەرامبەریان ببنەوە، نزیکەی ١٠ ساڵە لەگەڵ کۆمەڵەی میسری بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنە کاردەکەین، کار بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی کە ڕەنگە ژنان بەرەوڕووی پێشێلکارییەکان ببنەوە، و زۆرێکیان درک بەوە ناکەن کە ئەوان مافی ئەوەیان هەیە ڕەتیان بکەنەوە.

 

ڕوونیشی کردەوە، "پڕۆژەکە ڕاهێنانی پیشەیی و خولی بەڕێوەبردنی پڕۆژەی پێشکەش کرد، هەروەها پاڵپشتیکردنی ژنان بە قەرز بۆ دەستپێکردنی یەکەم هەنگاوە کردارییەکانیان و توانیان داهاتێکی سەقامگیر بەدەستبهێنن، ئەمەش ڕۆڵی ئەوانی لە خێزانەکانیان بەهێزتر کرد و هاوکاریان بوو بۆ بڕیاردان و توندوتیژی ڕەت بکەنەوە.