بەهۆی لافاوەوە دوو منداڵ لە کەرکوک خنکان

لە گوندێکی شارۆچکەی پردێ لە شاری کەرکوک بەهۆی دروستبوونی لافاو، دوو منداڵ خنکان و دوای چەند کاتژمێرێک تەرمەکانیان دۆزرانەوە.

سلێمانی

 

ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم، شەپۆلێکی باران بارینی بەخوڕ هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە زۆربەی ناوچەکان لافاو دروستبوو، لە گوندی حەساری گەورە لە شارۆچکەی پردێی سەر بە شاری کەرکوک، خێزانێک کە پاسەوانی حەوزێکی ماسییان کردووە شوێنی نیشتەجێبوونەکەیان، کە کابینە بووە، بەهۆی لافاوەوە زیانی بەرکەوتووە و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە کەوتوونەتە ناو لافاوەوە.

 

ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکە ڕزگارکراون و خۆیان ڕزگار کردووە، بەڵام دوو منداڵیان لافاو بردوونی و دوای چەندین کاتژمێر گەڕان بە دوایاندا، شەوی ڕابردوو توانرا تەرمی هەردوو منداڵەکە بدۆزرێتەوە.

 

بەپێی زانیارییەکان منداڵەکان بە ڕەگەز عەرەبن، یەکێکیان کچە و تەمەنی یەک ساڵە، ئەوی دیکەش کوڕەو تەمەنی یەک مانگە.

 

هەر بە هۆی باران و دروستبوونی لافاو، ئەمڕۆ ٢٦ی تشرینی دووەم لە سەرجەم خوێندنگەکانی سنوری پاریزگای هەولێر و شارۆچکەی سۆران کراوەتە پشووی فەرمی.