کەمپەینی "بۆ ڕۆژئاوا ڕاپەڕە" بۆ ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەمشەو هەڵمەتێک دەستپێدەکات

کەمپەینی "بۆ ڕۆژئاوا ڕاپەڕە" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ١٠یەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوادا هەڵمەتێکی هاشتاگ دەستپێدەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

سبەینێ، ١٩ی تەمموز، ١٠یەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانە، کە بە شۆڕشی ژن بەناودەکرێت و چەندین دەستکەوتنی مێژووی و ژیانی لە ئاستی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و بەڕێوەبردن بۆ کورد بەدەستهێنا و تێکۆشانی ژنی کورد و نەتەوەی کوردی بە جیهان ناساند.

 

بۆ پیرۆزکردنی ساڵیادەکە و کۆکردنەوەی پشتیوانی وڵاتپارێزان، ئازادیخوازان و ژنان و چالاکوانانی کورد و نێودەوڵەتی، کەمپەینی "RiseUp4Rojava / بۆ رۆژئاوا ڕاپەڕە" ئەمشەو کاتژمێر ٩:٠٠ بە کاتی باشووری کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتی هاشتاگی "#10yearsRojava" دەستپێدەکات.

 

کەمپەینەکە لە بارەی هەڵمەتەکەوە ڕایگەیاندووە: ئێمە دەمانەوێت لەلایەکەوە یادی دەسکەوتەکانی ئەو ١٠ ساڵەى ڕابردووە پیرۆز بکەین، لە لایەکی دیکەشەوە دەمانەوێت سەرنجەکان ڕابکێشینە سەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا. هیوادارین ئێوەش لەو چوارچێوەیەدا بەشداری هەڵمەتی هاشتاگی ئێمە بکەن پێکەوە شۆڕش بڵاودەکەینەوە و یادی ١٠ ساڵەی شۆڕشی ڕۆژئاوا پیرۆز بکەین.