لە فێستیڤاڵی بەفرانبار بۆ بەهرەداران توانای گەنجان نیشاندرا

لەپێناو دەرخستنی توانای گەنجان و ژنان، ڕێکخراوی برەودانی گەنجان فێستیڤاڵێکیان ڕێکخست و تیایدا توانای بەهرەداران نمایش دەکرێن.

سلێمانی

 

٢٣ی کانوونی دووەم ڕێکخراوی برەودانی گەنجان لە کارگەی جگەرەی شاری سلێمانی فێستیڤاڵێکی بە ناونیشانی "بەفرانبار بۆ بەهرەداران" ئەنجامدا و بۆ ماوەی شەش ڕۆژ تا ٢٨ی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت.

 

فێستیڤاڵەکە لە تابلۆی شێوەکاری، کاری دەستی، ئێکسسوارات، خواردەمەنی و شیرینی و چەندین شتی دیکە پێکهاتووە، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٩ی سەر لەبەیانی تا ٥ی ئێوارە دەکرێتەوە.

 

لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین ژنی دەستڕەنگین و گروپی جۆراوجۆر بەشداریان تێدا کردووە، بە نزیکەی لە ٥٠ مێز و چوار گروپ لە ژنانی دەستڕەنگین پێکهاتوون.

 

"گرنگە گەنج پەرە بە تواناکانی خۆی بدات و هیچ بیانوویەک نەهێنێتەوە"

سروە عوسمان، سەرپەرشتیاری گروپی خەیاڵی خانمان، وەک گروپی خەیاڵی خانمان بەشداری فێستیڤاڵەکەیان کردووە و خۆی کاری نەخشی خەنە و دروستکردنی مۆم و ژێر مۆم دەکات، دەربارەی دەرخستنی توانای گەنجان وتی: گەنجێکی زۆری دانەمەزراو هەیە، ئەمەش نابێتە هۆکار بۆ نائومێدبوونی گەنجان، بە پێچەوانەوە دەبێت گەنجان هیچ هۆکارێک بە بەربەست نەزانن، بەڵکو تواناکانیان بەرەوپێش ببەن و بگەن بە ئامانجەکانیان، هەروەها هەندێک لەوانەی دامەزراون بە ویست و حەزی خۆیان نییە کارەکانیان، بۆیە دەتوانن گەنجان سود وەربگرن لە تواناکانیان و پەرەی پیبدەن، کردنەوەی ئەم فێستیڤاڵانەش هۆکارێک دەبێت بۆ پاڵپشتیکردنی ئەوان.

 

"سابوونەکانمان لە ناوخۆی کوردستان دروست دەکەین"

خەندە خالید، تەمەنی ٢٥ ساڵە و کاری سابوون بەشداریکردووە، کردنەوەی ئەم فێستیڤاڵانە بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت: "کڕیارەکانمان لێرە دەتوانن بە شێوەی ڕاستەوخۆ بابەتەکانمان ببینن و بیکڕن"، خەندە جیا لەم چالاکییانە لە ماڵەوە کاری ئۆنڵاین دەکات، دەربارەی کارکردنی ژنان ئاماژەی بەوەدا، "کارکردنی ژنان گرنگە چونکە لە ئێستادا پێوتسە ژنان بێنە دەرەوە و لەسەر پێی خۆیان بوەستن و پشت بە تواناکانیان ببەستن".

 

دەربارەی کاری سابوونەکەی باسی لەوەکرد، سابوونەکەیان بە زەیتی زەیتوونی خۆماڵی دروست دەکرێن و هیچ مادەیەکی کیمیایی تێدا نییە، بۆ منداڵیش بەکاردەهێنرێن و سەرجەمیان لە ناوخۆی کوردستان دروست دەکرێن.