دیارنەمانی ٢٠٠ منداڵی کۆچبەر لە بەریتانیا

بەگوێرەی ئەو هەواڵەی حکومەتی بەریتانیا بڵاویکردووەتەوە، ٢٠٠ منداڵی کۆچبەر، کە لە هۆتێلێکدا جێگیرکراون، دیارنەماون.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٤ی کانوونی دووەم حکومەتی بەریتانیا هەواڵی دیارنەمانی ٢٠٠ منداڵی کۆچبەری ڕاگەیاند، کە ئەو منداڵانە بەبێ ئەوەی بچوکترین شوێنەواری خۆیان بەجێبهێڵن، هۆتێلەکەیان بەجێهێشتووە.

 

بەگوتەی ڕۆبەرت جێنریک، ٤٤٠ منداڵ بێسەروشوێن بوون، لەو ژمارەیەش ٢٠٠ منداڵیان تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە، ١٣ منداڵیان کە یەکێکیان کچە، تەمەنیان لە خوار ١٦ ساڵەوەیە، ٪٨٨یان خەڵکی ئەلبانیا و ٪٢٠یان خەڵکی ئەفغانستان، میسر، هیندستان، ڤێتنام، پاکستان و تورکیان.

 

ئاماژە بەوە دەکرێت، ئەو منداڵانە لە ئوتێلێکی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە شاری برایتۆن بوون، ڕفێنراون و به زۆر سواری ئۆتۆمبێلێک کراون، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئەم هەواڵەی ڕەتکردەوه .

 

لە هەندێک ڕاپۆرتی دیکەدا باس لەوە کراوە، پۆلیس پێشتر هۆشداری دابوو تۆڕە تاوانکارییەکان ئەو منداڵە کۆچبەرانە دەکەنە ئامانج، کە بە تەنیا دەچنە ناو بەریتانیا، تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئەو منداڵانە نییە و وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و ئەنجومەنە ناوخۆییەکان یەکتر تاوانبار دەکەن.