بە عێراق وتراوە پەنابەران لە سنوری پۆڵەندا کۆمەڵکوژ دەکرێن

دەسەڵاتدارانی بیلاڕوسیا بە شاندی عێراقیان ڕاگەیاندووە کە پەنابەرانی عێراقی لەسەر سنوری پۆڵەندا-بیلاڕوسیا لەلایەن سەربازی پۆڵەندییەوە کۆمەڵکوژ دەکرێن و دەشاردرێنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە میانەی کۆبوونەوەی شاندێکی عێراق لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بیلاروسیا لە شاری مینسکی ئەو وڵاتە، بەڵگە و زانیاری ڕادەستی شاندەکەی عێراق کراوە لەبارەی کۆمەڵکوژکردنی نهێنی پەنابەران لەلایەن سەربازانی پۆڵەنداوە لەسەر سنوری پۆڵەندا-بیلاڕوسیا.

 

بەپێی میدیاکانی ڕوسیا، لیژنەی لێکۆڵینەوەی بیلاڕوسیا لەڕاپۆرتێکدا کە بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەدا کە شاندە عێراقییەکە لەڕێی لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەربازێکی پۆڵەندیدا زانیاری لەبارەی کۆمەڵکوژی بەکۆمەڵی پەنابەران و ناشتنیان بە نهێنی لەلایەن سوپای پۆڵەنداوە دەستکەوتووە، ئەو زانیارییانەی دەست شاندەکەش کەوتوون لەلایەن لیژنەی لیکۆڵینەوەوە، بەڵگەن لەسەر پێشکەوتن و ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و پڕوپاگەندەی جەنگ و خستنە مەترسی ژیانی خەڵکەوە.

 

ڕاپۆرتەکە دووپاتی کردەوە، ئەو تاوانانەی کە سوپای پۆڵەندی بەرامبەر بە پەنابەران ئەنجامیان داوە، کاتێک سنوورەکەیان بۆ پەڕینەوە بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا بەکارهێناوە، لەسەر بنەمای "رقی ڕەگەز و نەتەوەپەرستی" بووە.

 

لە بەڵگەکاندا ئەوە هەبووە کە سوپای پۆڵەندا توندوتیژی بەرامبەر ١٣٥ پەنابەری عێراقی کردووە و پەنابەرێکیش بەهۆی لە سنوری پۆڵەنداوە بەرەو بیلاڕوسیا بە نایاسایی دەرکرایەوە و توندوتیژی بەرامبەر کرا گیانی لەدەستدا.

 

ئەمە لەکاتێکدایە تشرینی دووەمی ٢٠٢١ لێشاوی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئێران و ئەفغانستان و چەندین وڵاتی دیکە لە سنوری بیلاڕوسیاوە بەرەو پۆڵەندا و بۆ چوونە ناو خاکی یەکێتی ئەوروپاوە کۆچیان کرد، حكومەتی پۆڵەندا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا "حكومەتی بیلاڕوسیا هانی پەنابەران دەدات بچنە سەر سنورەکان و ببنە فشار بۆ ئەوەی پۆڵەندا و لیتوانیا و وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا ناچاربكات كە گەمارۆكانی لەسەر لاببەن".