دوو ژن لە ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کران
دەیان ئەندامی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ڕۆستەمی و سێ ئەندامی بنەماڵەکەیان دەستگیر کردووە، کە دووانیان ژنن.
ناوەندی هەواڵ
بە درێژایی مێژوو ژنانی کورد بەهۆی ژنبوون و پارێزگاری لە نەتەوەكەیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە بەشێوەی پەراوێزخستن، دەستگیرکردن، زیندانییکردن و لەسێدارەدان دەچەوسێندرێنەوە، کە لەو ڕێگەیە پەرە بە سەرکوتکردنی ژنان دەدات بە مەبەستی بێدەنگکردنی ژنانی چالاک و دەنگە ناڕازییەکانی کۆمەڵگەدا.
ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە دەستگیر کردنی دوو ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، دەیان ئەندامی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ڕۆستەمی و سێ ئەندامی بنەماڵەکەیان دەستگیر کردووە، لەوانە دوو ژنی کوردن.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەستگیرکراوەکان بریتین لە، سۆفی ڕۆستەمی لەگەڵ هاوژینەکەی بە ناوی زەینەب یووسف پوور و کچەکەی بە ناوی شیلان ڕۆستەمی، هەروەها بەبێ فەرمانی دادوەر و بە بەکارهێنانی توندوتیژیی دەستگیر کراون.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لە کاتی دەستبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا لە مافی بینینی پارێزەر و بنەماڵە بێبەش کراون، هیچ زانیارییەکیش لەسەر شوێنی ڕاگرتنیان بەردەست نیە.