دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان زیان بە ماڵی هاوڵاتیان دەگەیەنیت

گولـلە تۆپێکی سوپای داگیرکەری تورک لە ناو گوندی گوهەرزێی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی کەوتە خوارەوە و لە ئەنجامدا، زیان بەر ماڵی دوو هاووڵاتی مەدەنی کەوت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتژمێر ٦:٤٠ خولەکی ئێوارەی ٢٧ی تشرینی یەکەم، گولـلە تۆپێکی سوپای داگیرکەری تورک کە لە بارەگای سەربازی “گرێ بەهار”ـەوە هاوێژرابوو، لە ناو گوندی گوهەرزێی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی کەوتە خوارەوە و لە ئەنجامدا، زیان بەر ماڵی دوو هاووڵاتی مەدەنی کەوت.

 

لەو بارەیەوە کامەران عوسمان ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی گولـلە تۆپەکەی تورکیادا، زیاتر لە نیوەی کەلووپەلی ناو ماڵی هاوونیشتیمانی گوهەرزێ ( فاروق سەفەر محەمەد) شکان و زیانیان بەرکەوت، لە هەمانکاتدا، سێ منداڵی ئەو هاونیشتیمانییە بەهۆی ڕووداوەکەوە تووشی تۆقین هاتوون و لە نەخۆشخانەی ئامێدی چارەسەر وەردەگرن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زیان بەر ماڵی هاونیشتیمانییەکی تری گوهەرزێ بە ناوی (دڵبرین سەفەر محەمەد) کەوتووە.

 

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، ١٢ گولـلە تۆپ بەر ناو گوندی گوهەرزێ کەوتوون و زیانییان بە خانوو و ماڵی هاوڵاتییان گەیاندووە.