دەسەڵاتدارانی تونس چالاکییەکانی کۆمەڵەیەکی ژنان بۆ ماوەی مانگێک ڕادەگرن
لە نێوان پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە دابەزینی ئازادییە مەدەنییەکان لە تونس، ڕەجا دەهمانی، سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتیک، ڕایگەیاند کە دەسەڵاتداران بڕیاریان داوە چالاکییەکانی کۆمەڵەکە بۆ ماوەی مانگێک ڕابگرن.
ناوەندی هەواڵ
بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانی کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتیک لە کاتێکدایە کە کەشوهەوای سیاسی گرژی تونس لەو کاتەوەی قەیس سەعید، سەرۆک کۆمار ڕێوشوێنی ناوازەی ڕاگەیاند و دواتر ڕیفراندۆمی دەستووری نوێ و زنجیرەیەک دەستگیرکردنی کەسایەتی و چالاکانی ئۆپۆزسیۆن.
ڕەجا دەهمانی، سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتیک ڕایگەیاند، کە دەسەڵاتداران بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانی کۆمەڵەکەیان داوە بۆ ماوەی مانگێک بۆ پێداچوونەوە بە سەرچاوەی دارایی و بەڵگەنامە داراییەکانی، ئەم ڕێوشوێنە وەک نیشانەیەکی دیکەی بچووکبوونەوەی مەودای چالاکییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەیر دەکرێت لەو کاتەوەی کە قەیس سەعید لە مانگی تەمووزی ٢٠٢١ دەسەڵاتی تەواوی وەرگرتووە.
کۆمەڵەکە ڕوونیشیکردەوە، بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانی لە وەڵامی داواکارییە فەرمییەکاندا هاتووە بۆ پێشکەشکردنی کۆمەڵێک تۆمار و بەڵگەنامەی پەیوەست بە چالاکییەکانی، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی فەرمانی ژمارە ٨٨ کە تایبەتە بە ڕێکخستنی کاری کۆمەڵەکان لە تونس.
ڕەجا دەهمانی، یەکێک لە ڕێکخراوە دیارەکانی مافی مرۆڤ لە تونس، بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ئەو هەنگاوەی حکومەتی تونس "بڕیارێکی ئارەزوومەندانە" بووە، کۆمەڵەکە تانە لە بڕیاری ڕاگرتنی تونس دەدات لە دادگاکان.
لە ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢١، قەیس سەعید، سەرۆک کۆمار، کۆمەڵێک ڕێکاری ناوازەی ڕاگەیاند، لەوانە ڕاگرتنی پەرلەمان و دەرکردنی حکومەت و وەرگرتنی سەرجەم دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان، هەروەها دەستوورێکی نوێ داڕێژرا، کە سیستەمی سیاسی وڵاتەکەی داڕشتەوە، لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٢ خرایە ڕیفراندۆمەوە، بەڵام ڕێژەی بەشداریکردن لە ٣٠% زیاتر نەبوو، هەروەها دەستووری نوێ دەسەڵاتی فراوانی بە سەرۆک کۆمار بەخشی، لەوانە دامەزراندنی حکومەت و جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتیەکان و دەرکردنی یاسا لە ڕێگەی فەرمانەوە.
تونس شاهیدی شەپۆلێکی دەستگیرکردن بوو کە زۆربەی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی پارتەکان بەتایبەتی لە بزووتنەوەی ڕێنێسانس لەخۆگرتبوو، ئەم دەستگیرکردنانە تەنها لە سیاسەتمەداراندا سنووردار نەبوون، بەڵکو ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی مەدەنی و پارێزەرانیشیان لەخۆگرتبوو، ئەمەش نیگەرانییەکانی لە دابەزینی ئازادییەکان و بچووکبوونەوەی شوێنی گشتی لە وڵاتدا بەرزکردەوە.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، وەک هیومان ڕایتس وۆچ و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئاماژەیان بە کەشوهەوای گشتی سنووردارکردنی ئازادییەکان لە تونس کردووە، هەروەها بە دابەزینی بەرچاوی نیشاندەرەکانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی کۆمەڵگەی مەدەنی کردووە، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕێوشوێنە سیاسییانەی کە دەسەڵاتداران لە ساڵی ٢٠٢١ەوە گرتوویانەتەبەر.